راهێنانەکانەکانی هەڵبژاردەی عێراق بۆ گەیشتن بە مۆندیال دەستیانپێکرد

2025-05-28  171 جار خوێنراوەتەوە

هەڵبژاردەی عێراق بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی دوو یاریی داهاتووی لە پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026، راهێنانەکانی بەسەرپەرشتی گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری نوێی تیپەکە لە شاری بەسرە دەستپێکرد. 
 
گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری ئوستراڵی یەکەم ئەزموونی کارکردنیەتی لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق، ئەرکی قورسە و دوو یاریی داهاتوو بۆ هەڵبژاردەی عێراق چارەنووساز و قورسە، یاریی یەکەم رۆژی 5ـی مانگی داهاتوو عێراق لەنێو یاریگەی نێودەوڵەتی بەسرە میوانداریی کۆریای باشوور دەکات، دوای پێنج رۆژ لە یاریی لووتکەی عەرەبدا عێراق یاری لەگەڵ ئوردن دەکات. 
 
یەکەم یەکەی راهێنانی هەڵبژاردەی عێراق بە بەشداری 19 یاریزان لەنێو یەکێک لە گۆڕەپانەکانی شاری وەرزشیی بەسرە ئەنجامدرا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە هەریەک لە ئوسامە رەشید ئەستێرەی کورد لەگەڵ فرانس پترس و ئیبراهیم بایش پەیوەندییان بە کەمپی راهێنانی هەڵبژاردەکە کرد، کە بەپێی بڕیاری دەستەی راهێنەرانی هەڵبژاردەکە راهێنانەکانی ئەمڕۆ بۆ دەزگاکانی راگەیاندن کراوەن و دەتوانرێت لێدوان لە یاریزانان وەربگرن. 
 
گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "زۆر دڵخۆشم بە هاتنم بۆ ئێرە و کارکردن لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق، بەشێک لە یاریزانەکان پەیوەندییان پێوەکردووین و ئەوانی دیکەش تا رۆژی سێی مانگی داهاتوو دەگەن و پێکهاتەکەمان بۆ یارییەکان ئامادە دەبێت، من بەپەرۆشم بۆ یاریزانەکانم، ئەو رۆحیەتەیان پێشکەش دەکەم کە بجەنگین بۆ بردنەوەی دوو یاریی داهاتوومان". 
 
لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق شەش یاریزانی کورد هەن کە بریتین لە ئوسامە رەشید، یوسف ئەمین، مێرخاس دۆسکی، ئاکام هاشم، مارکۆ فەرەج لەگەڵ ئەیمار شێر. 
 
یوسف ئەمین، ئەستێرەی کوردی هەڵبژاردەی عێراق، لەبارەی دوو یاریی داهاتوویان بۆ رووداو روونیکردەوە "دوو یاریی زەحمەتمان لەپێشە و دەمانەوێت دڵی هاندەرانمان خۆش بکەین، خەون بەو رۆژانە دەبینم کە بتوانم لەگەڵ هەڵبژاردەکەم بەشداری یارییەکانی مۆندیال بکەم". 
 
هەڵبژاردەی عێراق لە کۆمەڵەی دووەمی پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئاسیا بەکۆکردنەوەی 12 خاڵ لە پلەی سێیەمی ریزبەندییە، عێراق بە بردنەوەی دوو یاریی داهاتوو راستەوخۆ بلیتی گەیشتنی بۆ مۆندیال دەبڕێت.
 
عێراق لەمێژووی خۆیدا جارێک لە 1986 بەشداری یارییەکانی مۆندیالی کردووە لە مەکسیک. 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە