سوپرایزێکی سەرنجڕاکێش لە بارسێلۆناوە بۆ لامین یامال
5 کاتژمێر پێش ئێستا
33 جار خوێنراوەتەوە
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی ئامادەکاری دەکات بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی لامین یامال، ئەستێرەی لاوی یانەکەی و دەیەوێت پێدانی ژمارە 10 بەو یاریزانە بیکاتە سوپرایز.
لیۆنێل مێسی لە تەمەنی لاوێتیدا لە بارسێلۆنا درێسی ژمارە 19ـی دەپۆشی، لە دوای رۆیشتنی رۆناڵدینیۆ لە یانەکە مێسی بووە ژمارە 10ـی پێدرا و ئیدی تاوەکو رۆیشتنی لەو یانەیە لە هاوینی 2021 مێسی هەر بەو ژمارەیە یاریی دەکرد.
ئێستا لامین یامال ژمارە 19ـەیە و لە ماوەی هەفتەی رابردوودا دەنگۆی زۆر لەبارەی ئەوە بڵاوکرانەوە کە یاریزانەکە لەسەر رێچکەی مێسی دەیەوێت ببێتە ژمارە 10ـی یانەکە.
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، بارسێلۆنا ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی ئەو ژمارەیە بکاتە سوپرایزی نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە و لە رۆژی لە دایکبوونیدا لە 13-7-2025 هەم یادی لە دایکبوونی یاریزانەکە بکاتەوە، هەمیشە گرێبەستەکەی بۆ ماوەیەکی درێژ نوێبکاتەوە و درێسی ژمارە 10ـی پێبەخشێت.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن، بارسێلۆنا گرێبەستی لامین یامال تاوەکو هاوینی 2030 نوێدەکاتەوە، مووچەکەی تاوەکو 40 ملیۆن یۆرۆ بەشێوەیەکی گشتی بەرزدەکاتەوە و پاداشتی زۆریش دەخاتە نێو گرێبەستە نوێیەکەی، جگە لەوەش مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانە ئیسپانییە دەکرێتە 1 ملیار یۆرۆ.
دوای نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا و وەرگرتنی درێسی ژمارە 10، چاوەڕواندەکرێت لامین یامال لە ریکلامێکی نوێی کۆمپانیای نایکی دەربکەوێت.
یامال لەم وەرزەدا لەگەڵ بارسێلۆنا بە ئاستێکی نایابەوە دەرکەوت و هەمووان پێی سەرسام بوون، یاریزانەکە رۆڵی گەورەی بینی لە بردنەوەی هەرسێ نازناوی لالیگا، جامی شا و سوپەری ئیسپانیا و بەشێوەیەکی گشتی لە 54 یارییدا 18 گۆڵی تۆمارکرد و 21 گۆڵی بۆ هاوڕێکانی دروستکرد.
|