راهێنەری نوێی یانەی ریال مەدرید هەڕەشە دەکات
2025-05-27
158 جار خوێنراوەتەوە
چابی ئەلۆنسۆ، دوای ئەوەی بەفەرمی وەک راهێنەری نوێی یانەی ریال مەدرید ناسێنرا، لە یەکەم کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا وەک راهێنەری مێرینگێ، رایگەیاند "ئەمە رۆژێکی زۆر تایبەتە بۆ من، تاوەکو کۆتایی تەمەنم لەبیرم دەبێت، ئەمە ماڵی منە". هەروەها گوتی "ئێمە تیپێکی نایاب و یاریزانی تایبەتمان هەیە، داهاتوویەکی گەورەمان دەبێت".
ئەلۆنسۆ دوای ئەوەی لەلایەن فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدریدەوە بەخێرهاتنی کرا، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و سەرەتا گوتی "ئەمە رۆژێکی زۆر تایبەتە بۆ من، تاوەکو کۆتایی تەمەنم لەبیرم دەبێت، ئەمە ماڵی منە".
ئاماژەی بەوەشکرد، هەست بە جۆش و خرۆشی هاندەرانی ریال مەدرید دەکەم، ئەمە ساتێکی گەورەیە بۆ هەمووان، هەر کە پێم لە ڤاڵدیبێباس دانا، هەست و خۆشەویستیم بۆ ریال مەدرید گەڕایەوە، هەرچەندە هەرگیز ئەو خۆشەویستییە لەدڵم دەرنەچووە".
راهێنەری ریال مەدرید لەدرێژەی قسەکانیدا، گوتی "ئێمە تیپێکی نایاب و یاریزانی تایبەتمان هەیە، داهاتوویەکی گەورەمان دەبێت، دەمەوێت تیپێکی گەورە دروست بکەم، بەهیواشین نازناوی گەورە بەدەستبهێنین، دەمانەوێت هاندەران بورووژێنین و وایان لێبکەین شانازی بەو شتانە بکەن کە لە یاریگادا دەیبینن، دەمانەوێت هاندەران بڵێن بەڵێ ئەمە تیپەکەی ئێمەیە، ئەمە ریال مەدریدە".
ئەلۆنسۆ پەسنی کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەرەکەی دا و گوتی "حەزدەکەم باسی کارلۆ بکەم. ئەو راهێنەری من بوو، کەسێکی گەورەیە. من بەبێ ئەو لێرە نەدەبووم. من لێرەم بۆ ئەوەی بەشانازی و شەرەفێکی زۆرەوە جێگەی بگرمەوە. هیوادارم لە هەمان ئاستیدا بم".
سەبارەت بەهێڵی بەرگری، کە وەرزی رابردوو یەکێک بوو لە خاڵە لاوازەکانی تیپەکە، ئەلۆنسۆ گوتی "سەیری یارییەکانم کرد و شیکردنەوم بۆ کردووە، ئێستا بیر لەوە دەکەمەوە کە چۆن تیپێکی هاوسەنگ دروست بکەین، بۆیە هەموومان دەزانین چۆن ئەرکەکانمان ئەنجام بدەین، ئەمە سەقامگیریمان پێدەبەخشێت کە رێگە بە لێهاتوویی تاکەکەسی دەدات بتەقێتەوە".
سەبارەت بە دووانەی ئێمباپێ و ڤینیسیۆس، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، گوتی "بوونی یاریزان لەم ئاستەدا جێگەی خۆشحاڵییە، نەک تەنیا کیلیان یان ڤینیسیۆس، بەڵکو زۆر یاریزانی دیکەش، ئەوان یاریزانی تایبەتن و جیاوازی دروست دەکەن. دەبێت زۆرترین سوودیان لێوەربگرین، بیرۆکەم هەیە و هێشتا کات ماوە پێش ئەوەی لەگەڵیان کۆببینەوە، بەڵام بۆ من پەیوەندیکردن لەگەڵیان زۆر گرنگە، ئەوان یاریزانی پلەیەکن، ئەوەش کارەکەمانە".
|