چیرۆکە پڕ لە شانازییەکەی ریال مەدرید کۆتاییهات
10 کاتژمێر پێش ئێستا
62 جار خوێنراوەتەوە
قۆناغێکی نوێ لە ریال مەدرید دەستپێدەکات و لوکا مۆدریچ ئەستێرەی بەنێوبانگی کرواتی و یانەکە ماڵئاوایی لە ریال مەدرید دەکات و چیرۆکە پڕ لە شانازی و سەروەرییەکەی ئەویش لەگەڵ یانەی شاهانە کۆتاییدێت.
لەکاتێکدا لە ماوەی رابردوودا دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە، کە چابی ئەلۆنسۆ داوای لە ریال مەدرید کردووە بۆ وەرزێکی دیکە گرێبەستی لوکا مۆدریچ نوێبکەنەوە، بەڵام ئەمڕۆ گۆڕانکاری نوێ روودەدەن و ئەو یاریزانە نزیکە لەوەی ماڵئاوایی لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ بکات.
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا لەنێو کارگێڕیی ریال مەدرید بۆچوونی جیاواز لەبارەی یاریزانەکەوە هەن، هاندەرانی یانەکەش لە راپرسییەکدا بەشی زۆریان داوای مانەوەی یاریزانەکە دەکەن، بەڵام میدیای ئیسپانی دەڵێت "لوکا مۆدریچ بە هاوڕێ نزیکەکانی لە هەڵبژاردەی کرواتیا گوتووە، لە ریال مەدرید دەڕوات و هیچ دەستەوارەیەکی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی پێشکێش نەکراوە."
لوکا مۆدریچ تەمەنی 39 ساڵە، لە ساڵی 2012 لە یانەی تۆتێنهامەوە چووەتە ریال مەدرید لە ماوەی 13 ساڵی رابردوودا بەدرێسی یانەی ریال مەدریدەوە نازناو نەماوە نەیباتەوە، 28 نازناوی لەگەڵ یانەی شاهانە بەدەستهێناوە و یەکێکە لەو یاریزانە دەگمەنانەی لە تۆپی پێی جیهاندا خاوەنی 6 نازناوی چامپیۆنزلیگە.
بەر لە چەند رۆژیک میدیاکان بڵاویانکردەوە کە مۆدریچ ئامادەیە بەبێ هیچ مەرجێک وەرزێکی دیکە گرێبەستی خۆی لەگەڵ ریال مەدرید نوێبکاتەوە و تەنانەت ئامادەیە مووچەی خۆیشی کەم بکاتەوە لەپێناو مانەوە لە مێرینگێ، بەڵام وادیارە یانەکە بۆچوونێکی دیکەی هەیە و نایەوێت لوکا بەردەوام بێت.
|