ئایا خۆڵبارین چارەسەری هەیەو دەتواندرێت ڕێگری لێ بکرێت؟

2025-05-28  585 جار خوێنراوەتەوە

ئەم هەموو پێشکەوتنەی دونیا دەتوانێت ڕێگری لە خۆڵبارین بارین بکات؟

خۆڵبارین وەکو کارەساتێکی هاوشێوەی زەمین لەرزەو گەردەلولە خولگەییەکان بێ چارەسەرە و ساڵانە زیانی میلیۆنەها دۆلار لە زۆرینەی ووڵاتانی جیهان دەدات، هەوڵدان بۆ رێگرتن لە خۆڵبارین وەکو هەوڵدانە بۆ رێگرتن لە گەیشتنی تیشکی خۆر بەزەوی، چونکە سەرچاوەی دروستبوونی خۆڵبارین ناوچە ووشک و بیابانیەکانە کە نزیکەی %35 رووبەری ووشکانی زەوی پێکدەهێنن.

خاکی ئەم ناوچانە خاکێکی لماوی یان وورد و فشەڵە بە بوونی بای خێرا یان داکەوتنی هەوا، ئەم کارەساتە دروست دەبێت و مەودایەکی فراوان بەشێوەی ستونی و ئاسۆیی دەگرێتەوە، کە هەندێک جار بەبەرزی 6 کیلۆمەتر و بەدوری 6000 کیلۆمەتر بەبەرگی گازی (بەهەوادا) بڵاودەبنەوە، کەواتە نەوەک روبەری سەوزایی و دارستان و بەرزی دارەکان بەڵکو بەرزی شاخەکان و شێی دەریاو زەریاکانیش ناتوانن ببن بەبەربەست لەبەردەم بڵاوبونەوە و دابارینی خۆڵ و تۆزی ناوچە ووشکەکان .

رەنگە پرسیاری ئەوە بکرێت ئایا دروستکردنی پشتێنەی سەوزایی یان چاندنی دارو زیادکردنی رووبەری سەوزایی دەبێتە رێگر لەبەردەم کارەساتی خۆڵبارین؟

 بە پێی زۆرینەی توێژینەوەکان چاندنی دار و زیادکردنی سەوزایی ناتوانێت بنبری دیاردەی خۆڵبارین بە یەکجاری بکات بەڵکو کاریگەریەکەی بەرێژەی %30 کەم دەکاتەوە هەروەها سەوزایی دەتوانێت رێژەی خۆڵ لەهەوا کەم بکاتەوە بەڵام ناتوانێت کارەساتەکە رابگرێت ، تەنها لە حاڵەتێک نەبێت ئەویش هەموو ناوچە ووشک و بیابانەکانی سەر زەوی بە تەواوی بکرێت بەدار و دارستان، ئەمەش ناتوانرێت چونکە زەوی ئەو ناوچانە خاکیان نەماوە تا روەک و داریان لەسەر بروێت و هەروەها خودی ناوچەکە گرفتی ئاوهەوای ووشک و کەمی دابارینی هەیە و ئاوی سەرزەوی و ژێر زەوییان نیە بۆ ئاودێری کردن، بۆیە سەوزکردنیان کارێکی ئەستەمە لەتوانای مرۆڤدا نیە .

کارەساتی خۆڵبارین کارەساتێکی نوێ نیە و لەگەڵ بونی بیابانەکان روودانی هەبووە، بەڵام زیادبونی لە ئێستادا هۆکارەکەی ئەو ووشکەساڵییە کەڕووی لەناوچەکە کردوەو هەروەها گۆرانە خێراکانی کەشوهەوای ناوچەکەیە بەتایبەت ئەو گۆرانانەی لەپەستانی هەوای سەر ناوچەکە رۆژانە ڕوو دەدەن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە