لە ساڵیادی بنیاتنانی سنە فێستیڤاڵێکی فۆتۆگرافی بەڕێوەچوو
6 کاتژمێر پێش ئێستا
48 جار خوێنراوەتەوە
لە چوارچێوەی چالاکییەکانی هەفتەی سنە، سێیەمین فێستیڤاڵی نیشتمانیی وێنەی سنە بەڕێوەچوو و فۆتۆگرافەر یونس محەممەد، وۆرکشۆپێکی لەبارەی وێنەی جەنگی بەڕێوەبرد و هەڵسەنگاندنی بۆ وێنەی فۆتۆگرافەران کرد.
فێستیڤاڵەکە لە 29ـی نیسان تاوەکو 3ـی ئایاری 2025 لە سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو و 35 فۆتۆگرافەر تێیدا بەشداربوون و زیاتر لە 120 فۆتۆگرافەر داواکارییان بۆ بەشداربوون لەو چالاکییە هونەرییەدا پێشکێشکردبوو.
یونس محەممەد، فۆتۆگرافەری کورد، بە میدیاکانی وت، وەک فۆتۆگرافەرێک لە هەرێمی کوردستان، بانگهێشتی فێستیڤاڵی نیشتمانیی وێنەی سنە کراوە و لەگەڵ سێ فۆتۆگرافەری دیکە، لە لیژنەی دادوەریی فێستیڤاڵ بووە و هەڵسەنگاندنیان بۆ وێنەی فۆتۆگرافەرەکان کرد کە لە سەرتاسەری ئاستی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەشداربوون.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، جگە لەوەی وەک ئەندام لە لیژنەی دادوەریی فێستیڤاڵ بووە، وۆرکشۆپێکی لەبارەی بە بەڵگەکردنی وێنەی جەنگی بۆ بەشێک لە فۆتۆگرافەرە بەشداربووەکانی فێستیڤاڵ پێشکێشکردووە.
بە بۆنەی تێپەڕینی 389 ساڵ بەسەر بنیاتنانی شاری سنە، چالاکی جیاواز لە سنووری ئەو شارە سازکران، یەکێک لەوانە فێستیڤاڵی نیشتمانیی وێنەی سنە بوو.
سنە لە 1636 لەلایەن سلێمان خانی ئەردەلان بنیاتنراوە و لە 2018ـەوە بە فەرمی یادی ئەو رۆژە دەکرێتەوە.
|