پێرێز بۆ ریال مەدرید: گرێبەستم لەگەڵ براوەی داهاتووی باڵۆن دۆر کردووە

5   کاتژمێر پێش ئێستا  38 جار خوێنراوەتەوە

فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید بەئەندامانی کارگێڕیی یانەکەی گوتووە ئەوان خاوەنی یاریزانێکن کە لەدواڕۆژدا باڵۆندۆر دەباتەوە و تەنانەت پێیگوتوون "یاریزانەکەم لە لامین یامال و ماستانتونۆ باشترە".
 
پێرێز بۆ هەمووان پشتڕاستی کردووەتەوە کە ریال مەدرید گرێبەستی لەگەڵ براوەی باڵۆندۆری داهاتوو کردووە و پێویستی بە یاریزانێکی دیکە نییە بۆ ئەوەی بیکەنە پێشڕەوی داهاتووی یانەکەیان.
 
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی دیفێنسا سێنتڕاڵی ئیسپانی، سەرەڕای ئەو بانگەشە میدیاییەی لەدەوری ژمارەیەک لە بەهرەمەندە لاوەکانی وەک ماستانتونۆ و لامین یامال هەیە، ریال مەدرید نەک هەر وەک یاریزانێکی دیار، بەڵکو وەک بەربژێرێک بۆ ئەوەی ببێتە یەکێک لە یاریزانە کاریگەرەکانی نەوەی داهاتوو سەیری ئاردا گولەر دەکات. 
 
ئەو سەرچاوەیە باس لەوە دەکات کە باوەڕی یانەکە بە بەهرەکەی بەهێزە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئاسۆی کارکردن لەژێر دەستی راهێنەرێکی وەک چابی ئەلۆنسۆ، کە متمانەی تەواوەتی پێدەبەخشێت و چاوەڕوان دەکرێت بۆ وەرزی داهاتوو پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە وەربگرێت.
 
لای خۆیەوە گولەر بەتامەزرۆییەوە چاوەڕێی وەرزی داهاتوو دەکات، ئەمەش بەهۆی ئەو باوەڕەی کە بەشێوازی راهێنەرایەتی ئەلۆنسۆ هەیە، کە بایەخێکی تایبەت بە یاریزانە لاوەکان دەدات.
 
هەندێک رۆڵی گولەر بەو رۆڵەی فلۆریان ڤێرتز دەچوێنن کە لەگەڵ ئەلۆنسۆ لە یانەی بایەرلیڤەرکوزن نیشانیدا، ئەمەش گەشبینی لەناو یانەکەدا زیاتر دەکات سەبارەت بە داهاتووی یاریزانە تورکەکە.
 
گولەر بە یاریزانێکی خاوەن رۆڵی هەمەلایەنەی نێو یاریگا ناسراوە، بەو پێیەی دەتوانێت وەک یاریزانی باڵی راست، وەک یاریزانێک کە لەپشت هێرشبەرەوە یاری بکات، یان لە هێڵی ناوەڕاستی ناوەوە یاری بکات، کە بێگومان ئەمە یارمەتییەکی باشی راهێنەر دەدات لە کاتی پێویستدا. 
 
چابی ئەلۆنسۆ پێیوایە دەتوانێت زۆر باشتر لە سەردەمی ئەنچێلۆتی بەهرەکانی ئاردا بەکاربهێنێت، هەرچەندە لە سەختی ئەرکی بەڕێوەبردنی تیپێک تێدەگات کە پێکهاتەیەکی پڕ لە ئەستێرەی هەیە.
 
ریال مەدرید، ئاردا گولەر بە جۆرێکی دەگمەنی یاریزان لە تۆپی پێی مۆدێرن دەبینێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش یانەکە بژاردەی رۆیشتنی نەخستووەتە سەر مێزەکە، سەرەڕای ئەوەی لە چەند مانگی رابردوودا دەنگۆی داهاتووی ئەو یاریزانە بڵاوبووەتەوە. 
 
کارگێڕیی یانەکە بەتەواوی دڵنیایە لەوەی کە داهاتوویەکی گەشی دەبێت لەگەڵ ریال مەدرید و تەنیا پێویستی بە کات و دەرفەتی گونجاو هەیە.
 
ریال مەدرید ئەم وەرزە هیچ نازناوێکی نەبردووەتەوە و تەنیا دەرفەتی رکابەریکردن لەسەر نازناوی لالیگای ماوە، هەرچەندە لەو پاڵەوانێتییەش 4 خاڵ لەدواوەی بارسێلۆنای پێشەنگە و تەنیا 4 گەڕ لە خولەکە ماوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە