گواردیۆلا باسی ئەو راهێنەرە دەکات کە زۆر ئازاری داوە

5   کاتژمێر پێش ئێستا  35 جار خوێنراوەتەوە

پێپ گواردیۆلا، را‌هێنەری یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، دەڵێ، یۆرگن کڵۆپ زەحمەتترین راهێنەرە رووبەڕووی بوومەتەوە لە کاروانی راهێنەرایەتیم.
 
راهێنەرە ئیسپانییەکە لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە خولێکی راهێنەریی سەر بەیۆفا پەخشکراوە دەڵێ، "کڵۆپ هەمووکات سەرئێشەم بۆ دروستدەکات، پێشتر رووینەداوە رووبەڕووی راهێنەرێک ببمەوە هاوشێوەی ئەو، لەگەڵ یاریدەدەرەکانم ناچاربم بەیانی تاوەکو ئێوارە لێکۆڵینەوە لە شێوازی وەستاندنی بکەمەوە".
 
پێپ دەڵێ، "هەندێکجار دەگەیشتمە ئەو باوەڕەی بەخۆم بڵێم، دەستخۆش ئەنجاممدا و شکستی پێدەهێنم، بەڵام رۆژی دواتر کاتێک رووبەڕووی دەبوومەوە، هەستم بەبێئومێدی دەکرد".
 
کڵۆپ لە 2016 تاوەکو 2024 لە لیڤەرپوول کاریکردووە، ئەو راهێنەرە کە ئێستا بەڕێوەبەری تۆپی پێیە لە کۆمپانیای 'رێد بوڵ' نازناوەکانی پرێمەرلیگ، ئێف ئەی کەپ و کاراباو کەپ، هەروەها چامپیۆنزلیگ، جامی سوپەری ئەورووپا، قەڵخانی خێرخوازی و مۆندیالی یانەکانیشی بەدەستهێناوە.
 
گواردیۆلا دەڵێ، لیڤەرپوولی کڵۆپ، گەورەترین ئاڵنگاریی کاروانی راهێنەرایەتیم بوو، بێگومان بەهێزترین رکابەربوو بەهۆی شێوازی یارییکردن و تۆپ گواستنەوە و هێرشبەرییانەی دڕندە و راستەوخۆی تیپەکەی، ئەو بەزۆرترین ژمارەوە هێرشی دەهێنایە سەرمان.
 
پێپ و کڵۆپ لە کاروانی خۆیاندا 30 یارییان بەرامبەر یەکدی ئەنجامداوە، کڵۆپ 12 بردنەوە و پێپ 11 بردنەوەی هەیە و 7 یاریی بەیەکسانبوون لەنێوانیاندا کۆتایی هاتووە.
 
ئەو دوو راهێنەرە لە ئەڵمانیاش رووبەڕووی یەکبوونەوە کاتێک پێپ راهێنەری بایرن میونشن و کڵۆپیش راهێنەری بۆرووسیا دۆرتمۆند بوو.
 
لەماوەی 17 ساڵی کارکردنی وەک راهێنەر، کڵۆپ تاکە راهێنەرە کە زۆرترین یاریی لە پێپ بردووەتەوە، لە کاتێکدا جۆزێ مۆرینیۆ 7 سەرکەوتن و کارلۆ ئەنچێلۆتی 6 یاریی لە پێپ بردووەتەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە