دەرهێنەرێک: گرنگە شانۆی منداڵان بۆ پێشخستنی کەلتووری کوردی هەبێت

2025-04-17  178 جار خوێنراوەتەوە

دەرهێنەرێکی شانۆیی دەڵێت: لە ناوەندە پەروەردەییەکان هیچ گرنگی بە شانۆی منداڵان نەدراوە، گرنگە شانۆی منداڵ هەبێت بۆ پێشخستنی کەلتووری کوردی.

شانۆی “ماسی ڕەشی بچکۆلە” شانۆییەکی منداڵانە و لەلایەن ڕێباز تاهیر و ئاراس عەبدوڵا کاری دەرهێنانی بۆ کراوە، بۆ ماوەی چەند ڕۆژیک لە شاری سلێمانی لە نمایش کردن بەردەوام بوو، ئەمەش بە هەناسەیەک بۆ شانۆیی منداڵان دادەنرێت، لە بارەی گرنگی ئەنجامدانی شانۆیی منداڵان، ڕێباز تاهیر، دەرهێنەری شانۆیی بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

ڕێباز تاهیر لە سەرەتای قسەکانیدا تیشکی خستە سەر هەڵبژاردنی شانۆی “ماسی ڕەشە بچکۆلە” و وتی: شانۆکە چیرۆکی سەمەند بەهرنگیە و دەقێکێکی شانۆییمان تێیدا ئامادە کردووە، کە باس لە ماسییەکی ڕەشی بچکۆلە دەکات و دەیەوێت گەشت بکات و بەخەونەکانی بگات.

سەبارەت بە گرنگیدانی ناوەندە پەروەردەییەکان بە شانۆی منداڵان وتیشی: لە ناوەندە پەروەردەییەکان هیچ گرنگی بە شانۆی منداڵان نەدراوە، لە کاتێکدا لە ڕووی پەروەردەییەوە شانۆ کاریگەریی زۆری لەسەر منداڵ هەیە، هەر بۆیە گرنگە منداڵ بەشداری شانۆگەری بکات و لەسەر تەختی شانۆ بێت، جگە لەوەش لە ڕووی کەلتووریشەوە گرنگە شانۆی منداڵ هەبێت بۆ پێشخستنی کەلتووری کوردی.

ڕێباز تاهیر دەرهێنەری شانۆ لەبارەی بەشداری کردنی منداڵان لە شانۆدا وتی: ساڵانە لە ناوەندە پەروەردەییەکان لە فێستیڤاڵی باخچە و خوێندنگاکان منداڵان وەک نواندن بەشداری شانۆ دەکەن، بەڵام لە کاری شانۆی گەورەی لەم شێوەیە بۆ منداڵ قورسە کە بەشداری بکات، چونکە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لە نواندن بەردەوام دەبێت، بۆیە لەم شانۆگەرییە ئەکتەرەکان هەمووی گەورەن کە نواندن ئەنجام دەدەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، منداڵ هونەرمەندە کە لەدایک دەبێت، ئەوەی گرنگە چۆن وابکەین ئەو بەهرەیە بدۆزینەوە و ئەو هونەرە لە منداڵەکاندا گەورە بکەین بۆ ئەوەی لە داهاتوودا سوود لە بەهرەکەی ببینێت، لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا کە شانۆی ماسی ڕەشی بچکۆلە تێدا نماشکراوە هاوڵاتییان زۆر بە گەرمی پێشوازیان لە شانۆیەکە کرد کە بەشێوەی خێزانی ئامادەی شانۆییەکە بوون، بەشێکی زۆری بینەرەکانیشمان منداڵان بوون.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە