کۆمەڵ، خەڵکێکی باش و سەنگەرێکی تێکشکاو لەهەڵبژاردندا

1     کاتژمێر پێش ئێستا  29 جار خوێنراوەتەوە

پێکهاتەی ئەم ڕەوتە پڕە لە مرۆڤی بەئەمەک، چاونەترس و دڵسۆز؛ پیاوانێک کە لە هەر کوچە و کۆڵانێکی ئەم خاکەدا بن، هەوێنی چاکە و هیوا و ئومێدی داهاتوویەکی گەش دەبەخشن. بەڵام مخابن، ئەم هەموو زێڕ و گەوهەرە، ئەم سەرمایە مرۆییە بەنرخە، ئەم شێر و پڵنگانەی ڕۆژی تەنگانە، ڕاپێچی ناو یارییەکی تەڵەئامێز و تەمومژاوی کراون بەناوی «هەڵبژاردن»ەوە. دەمێکیشە لەم بازاڕە چەواشەکارەدا، بەبێ هیچ ئاسۆیەکی ڕوون، بەدەوری نادیاردا دەخولێنرێنەوە!

ئومێدەواریشم هۆکارەکەی تەنیا ئیجتهادێکی هەڵە بێت، نەک دونیاویستی و چاوچنۆکیی کەسانێک کە لەپێناو بەرژەوەندیی خۆیاندا، قوربانی بەم کاروان و مێژووە بدەن و بەرۆکی پەرلەمان بەرنەدەن تاوەکو فاتیحای «کۆمەڵ» دەخوێنن.

بەهەرحاڵ، ئەمەی ئەمڕۆ بەناوی هەڵبژاردنەوە دەکرێت «جەنگ» نییە تا ئایەتێکی قورئانی ببێتە داینەمۆی بەرزبوونەوەی ورە و ئیرادەی خەڵکە دیندارە دڵسۆزەکە و چاوەڕوانی سەرکەوتن بکرێت؛ بەڵکو ئەمە مەیدانی هەڵبژاردن و جیهانێکی تری پڕ لە بەرژەوەندیی تاکەکەسی و کڕین و فرۆشتنە.

ئەوانەی لەو شەڕەدان پێویستیان بە چاودێری و ڕێنمایی زیاترە؛ بۆ ئەوەی نەکەونە تەڵەی بەرانبەرەکەیان، ئیرادەیان لەدەست بدەن،لەکۆنتڕۆڵی خۆیان و حزبەکەیان دەرچن،چونکە ئەوان ڕاستە لە شەڕێکدا نین کەمەترسی لەسەر گیان و ژیانیان هەبێ، بەڵام لە بازاڕێکن کە هەوڵی تیرۆری کەسایەتییان دەدەن و سەودای کڕینی ئاین و ویژدانیان لەگەڵ دەکەن.

لەپاش شەڕی ناوخۆی ساڵی (١٩٩٦) و دوو کەرتبوونی حکومەت و دروستبوونی دوو ئیدارەیی، یەکێتی و پارتی هەریەکەیان حکومەتێکیان لە زۆنی خۆیاندا،بەویستی خۆیان ، بەتەواوی پێداویستیی مرۆیی و بە هەموو وەزارەتەکانەوە بۆ خەڵکەکەی خۆیان پێکهێنا، و هەرچی خەڵکیان هەبوو لەو دوو حکومەتەدا دایانمەزراندن، ئەو دوو حکومەتە مەگەر بەدەگمەن ئەگەر نا بە پەڕوپۆوە بوون بە خەڵکی یەکێتی و پارتی. لەو کاتەوە ئەو دوو حزبە لە ڕێگەی دەنگی بنکەی حزبییەوە، واتە دەنگی کۆنکرێتی و ڕێکخستنەکانی حزبەکانیانەوە، زیاترن لە ڕێژەی ئەندام پەرلەمانی پێویست بۆ پێکهێنانی حکومەت، هەمیشە دەنگی ئامادەیان هەیە،و سەرکەوتنیان مسۆگەر و گەرەنتی کراوە.

لەبەر ئەو هۆکارانە دەڵێم:

١. هەڵەی ستراتیژیی بەشدارییە لە هەڵبژاردن:

تۆ کە دەزانیت ڕێژەی دەنگەکانی حزبەکەت ئەوە نییە ئومێدی گەورەی لەسەر هەڵچنیت، زیاد لە پێویست دەرونی خۆت و کادیرەکانت تێک دەدەیت، لەکاتی بانگەشەدا بەگژ هەموو لایەکدا دەچیت و هیچ دۆستێک بەدەست خۆتەوە ناهێڵیت؟! بەڵکو دەبێ بە جورئەتەوە بڕیار بدەیت و نەچێتە ئەو شەڕە دەرئەنجام دیارە نابەرانبەرە،و گوێ لەو بەرپرسانە نەگیرێت کە لە بڕیارداندا بەرژەوەندیی خۆیان ڕەچاو دەکەن و چاویان لە ئیمتیازاتی پەرلەمان و ناوبانگ و دەستکەوتی زیاترە. ئێمە لەدوورەوە کەس تۆمەتبار ناکەین، بەڵام ئەو کەسانە جێگای گومانن کە زۆر پێداگیرن کۆمەڵ ببەنە ئەو شەڕەی کە ئەنجامەکەی وەکو ڕۆژی ڕووناک دیارە و؛ شکستی مسۆگەرە و سەرکەوتنی مەحاڵە!

تۆ کە حزبێکی سیاسیت، دەبێ چاوت لە بەرژەوەندییەکانی حزبەکەت بێت؛ کە دەچیتە هەڵبژاردن و دواتر بە فشاری هەندێ ئیمتیازخواز ئامادەیت لەگەڵ دەنگی زۆرینەدا کە (یەکێتی و پارتی)یە دانوستان و ڕێککەوتن بکەیت، لەکاتێکدا دەزانیت بەشداریکردنەکەت بەو چەند کورسییە کەمەی بەدەستی دەهێنیت، ئەو سەنگەی نابێت بتوانیت ئاراستەی حکوومەت بگۆڕیت. بەشداریکردنەکەت جگە لە خۆعەیبدارکردن هیچ بەرهەمێکی تری نابێت! بەوەی پێشتر بەردەوام خۆت حکومەتت بە دز، گەندەڵ، خراپەکار وێنا کردووە، لەپڕێک ببن بەشەریکیان؟ خۆتان بەدرۆ دەخەنەوە و، بە دەردی برادەرانی گۆڕان دەچن، ئەوانیش زۆریان باس لە خراپە و گەندەڵی حکوومەت کرد،و دواتر بوون بەشەریکیان،و بەجوڵەیەکی هەڵە کش ماتیان بەسەر خۆیاندا هێنا،هەموو کورسیەکانیان لەدەستدا،و سەری ئەو حزبە گەورە جەماوەرییەی خۆیان خوارد!

٢. باشترین بژاردە:

ڕێککەوتنە لەگەڵ حکوومەت و ئەو دوو حزبە دەسەڵاتدارە هەریەک لە زۆنی خۆی، لەسەر کۆمەڵە خاڵێکی گرنگ، پەیوەست بە مەترسییەکانی ئایندەی ناوچەکە، چاوەڕوانییەکانی هەردوولا لەیەکتر، و زەرورەتی لێکتێگەیشتنێکی پێویست بۆ پەیوەندییەکی باشتر و بەهەڵە لێکتێنەگیشتن. چوارچێوەکەی لە دانیشتن لەگەڵ یەک دیاری بکرێت؛ کە پێم وایە لە بەرژەوەندیی کۆمەڵ و خەڵک و حکوومەتیشدا دەبێت. بەوەش کۆمەڵ دەتوانێت هەندێ لە ئامانجە شەرعییەکانی و بەشێک لە مەزڵوومییەتی خەڵکەکەی، لە کەشوهەوایەکی ئارام و دوور لە تەشەنوج و یەکتر نەخوێندنەوەدا بەدەست بهێنێت. بەتایبەت ئەو زیاتر لە هەزار پێشمەرگەیەی کە بەهەموو پێوەرێک مافی ڕەوای خانەنشینکردنیان هەیە و کاتی خۆی کاک مەسعود بارزانی و وەزارەتی پێشمەرگەش ڕەزامەندییان لەسەر هەبووە، و نوسراوەکەیان بە واژۆکراوی لە وەزارەتی دارایی ڕاگیراوە. ئەوەش بەهۆکاری پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی هەڵە لە دژایەتیکردنی پارتی و حکوومەت بەمەبەستی زیادکردنی دەنگ. کەبووە هۆی ماڵوێرانکردنی ئەو هەموو پێشمەرگە دڵسۆزەی کە بەو هەموو تەمەنەوە، زۆر بەئەستەم کرێکاریشیان دەست دەکەوێت.

ئەوەش هەزار جار لەو بازاڕە ئاڵۆز و، قومارەی گەمەی هەڵبژاردن، سودی باشتر دەبێت بۆ کۆمەڵ و بانگەواز و،خەڵکە ستەملێکراوەکەی.

ئەوی تریش ئەنجام و بەرهەمەکەی دەمێکە بەدەرکەوتووە، (لەگەڵ ڕێزی زۆرم بۆ خەڵکە دڵسۆزە باشەکانیان) کەسانێکی تێدا بەرهەم دێت کە هەر لە ڕێوە پشت لە حزبەکەیان دەکەن؛ نە گوێ بە شەرع نەشورەیی لەخۆیان دەکەن! هەشیانە کاتێک گەیشتنە ئەو بازاڕە و، چوار مایک رووی تێکرد و پاسەوان و ئۆتۆمبێلی گولەنەبڕی بەخۆوە بینی، لەخۆ دەگۆڕێت، نە گوێ لە کەسی یەکەم دەگرێت، نە حساب بۆ مەکتەبی سیاسی دەکات، و نەبیر لەوە دەکاتەوە چۆن گەیشتووە ئەو جێگایە.

خراپتریش لەوانەمان بینی؛ تینووی دەسەڵات بوون، پشتیان لە حیزبە ئیسلامییەکان و روویان لە عەلمانییەکان کرد و خۆیان بە هاوپەیمانی لەگەڵ ئەواندا سەرقاڵ کرد. ئەمە ئەو بازاڕە مەترسیدارەیە کە سەرمایە مرۆییە پاکەکەی «کۆمەڵ» و ڕەوتە ئیسلامییەکانی تێیدا بەهەدەر دەچێت!

لە کۆتاییدا، ڕوو دەکەمە هەموو خەڵکێکی بەئاگا، دڵسۆز و ماندووی ئەم کاروانە ئیسلامییە و دەپرسم:

ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە هەڵسەنگاندنێکی جدی و بابەتی بۆ سوود و زیانەکانی بەشداریکردن و نەکردن لەم پرۆسە دیموکراسییە شومە بکرێت؟ و بزانین بەشداریی سیاسی لە ساڵی (١٩٩٢)ـەوە هەتا ئێستا، چ دەستکەوتێکی بۆ ئەم ڕەوتە هەبووە، جگە لە تێکشکاندنی هەیبەت، هاڕینی توانا مرۆییەکان و لەگۆڕنانی خەونە گەورەکان؟

دڵشاد گەرمیانی نوسیویەتی..


   ئەمانەش بخوێنەرەوە