ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستان خەریکی چییە؟
2 کاتژمێر پێش ئێستا
25 جار خوێنراوەتەوە
ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی سەختدایە. زۆرجار وەک تەقینەوەیەکی کاتی دەردەکەون و دەنگێکی زۆر دەهێنن، بەڵام لە کرداردا ناتوانن و نەیانتوانیوە گۆڕانکاریی ڕیشەیی دروست بکەن.
ئۆپۆزسیۆن لەهەرێمی کوردستان (گۆڕان لە ڕابردوودا، نەوەی نوێ و لایەنە ئیسلامییەکان و رەوتی هەڵوێست لە ئێستادا) نەیانتوانیوە ببنە یەک بەرەی یەکگرتوو هەر لایەنە و دەیەوێت خۆی ببێتە " سەرۆک و سەرکردە"، ئەم پارچەپارچەبوونەش وای کردووە دەسەڵات یان ڕوونتر بڵێین پارتی و یەکێتی بە ئاسانی یاری بە کات بکەن و لایەنەکان بەرامبەر یەک بەکاربهێنن.
دوای زیاتر لەساڵێک لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەتوانراوە کۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجام بدرێت، حکومەتی نوێی کوردستان پێکبهێندرێت ئەوەش دەزانین پارتی و یەکێتیی ڕێگرن و ڕێک ناکەون.. بەڵام ..ئۆپۆزسیۆنی کوردستانیش جگە قسە کردنی ناو سۆشیاڵ میدیا و بەردەم کامێراکان نەیانتوانیوە هەڵوێستێکی کرداری و مەدەنی راستەقینە دژی ئەو بێریزیکردنەی دەسەڵات بە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بنێن.. لەگەڵ ئەوەشدا بە بێ گرفت مانگانە مووچەی پەرلەمانتاری و نەسریەکانیان وەردەگرن.
لە ئێستادا ئۆپۆزسیۆن زیاتر بووەتە "ئۆپۆزسیۆنی سۆشیاڵ میدیا و تەنها مۆدیلی هاوارکردن بەکاردەهێنێت".
ئۆپزسیۆن لە هەرێمی کوردستان وایان لێهاتووە پێیان دەوترێت "ئۆپۆزسیۆنی سۆشیاڵ میدیا"،، بەجۆرێک لە هەرێمی کوردستان ئێستا بووەتە دیارترین شێواز و شوێنی ڕەخنەگرتنیان، بەڵام لە هەمان کاتدا بووەتە جۆرێک لە "خەڵەتاندنی خود"ی خۆشیان.
زۆربەی سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆنی سۆشیاڵ میدیا لە بری "بەرنامەی سیاسی"، پەنا دەبەنە بەر "قسە و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ" لەتۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ، ئەمەش وای کردووە سیاسەت لە کارێکی جدییەوە بگۆڕێت بۆ جۆرێک لە کاتبەسەربردن.
ئۆپۆزسیۆن لە بری شۆڕشی گۆڕانکاریی راستەقینە، شۆڕشی لایک و کۆمێنتی بەرهەم هێنا.. وای کردووە زۆرجار هاوڵاتی وا هەست دەکات کاتێک "لایکی پۆستێکی ڕەخنەیی کرد یان "کۆمێنت"ێکی توندی نووسی، ئەرکی نیشتمانیی خۆی جێبەجێ کردووە بەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی وزەی ناڕەزایەتی لەناو مۆبایلەکاندا بەتاڵ ببێتەوە .
ئۆپۆزسیۆنی سۆشیاڵ میدیا لە هەرێمی کوردستان وەک "بووکی ناو شاشە" وایە؛ دەنگی هەیە بەڵام دەستی ناگاتە شوێنی بڕیار. تا ئەو کاتەی ئەم دەنگە گەورەیە نەبێتە "ڕێکخراوەیی" و لەسەر زەوی نەبێتە هێزێکی سیاسیی خاوەن پڕۆژە، تەنها وەک ژاوەژاوێکی دیجیتاڵی دەمێنێتەوە کە دەسەڵات تەنها بە "بڕینی ئینتەرنێت" یان "ساردکردنەوەی خەڵک" دەتوانێت کۆنترۆڵی بکا و کۆتایی پێ بهێنێت.
|