پارێزگای هەولێر بۆ مانگی رەمەزان چەند بڕیارێکی ڕاگەیاند
3 کاتژمێر پێش ئێستا
200 جار خوێنراوەتەوە
پارێزگای هەولێر چەند بڕیارێکی تایبەت بە مانگی رەمەزان دەرکردووە و دەڵێت، کاتژمێرێک دەوامی فەرمانبەران لە دامودەزگاکانی سنووری پارێزگاکە کەم دەکرێتەوە و لە کاتژمێر 09:00ـی بەیانی دەستپێدەکات.
بە سەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر کۆبوونەوەیەک بۆ ئامادەکارییەکانی مانگی رەمەزان بەڕێوەچوو.
بڕیارەکانی پارێزگای هەولێر بۆ مانگی رەمەزان:
- دەوامی فەرمی لە دامودەزگاکانی سنووری پارێزگای هەولێر یەک کاژێر کەم دەکرێتەوە.
- لیژنەکانی قایمقامیەت، بازرگانی و شارەوانی چاودێریی بازاڕ تووندتر دەکەن و رێگە نادرێت هیچ کەسێک مانگی رەمەزان بۆ گرانکردنی نرخەکان بقۆزێتەوە.
- لە بازگەکان چاودێریی تووند دەکرێت بۆ رێگریکردن لە هاوردەکردنی خۆراکی ماوەبەسەرچوو.
- تیمەکانی شارەوانی زیاتر لە رۆژانی ئاسایی لە بازاڕەکان دەبن بۆ رێکخستن و پاککردنەوە.
- مزگەوتەکان تەنیا لە 10 شەوی کۆتایی مانگی رەمەزان تاوەکو نوێژی بەیانی کراوە دەبن.
- جگە لە پێشنوێژ و گوتارخوێنی فەرمی، هیچ کەسێکی دیکە بۆی نییە رێوڕەسمی ئایینی و نوێژی تەراویح بکات.
- پارێزگاری هەولێر هۆشداری دەدات رێکاری یاسایی تووند بەرامبەر هەر کەس و لایەنێک دەگیرێتەبەر "یاری بە بازاڕ بکات و نرخی خۆراک و پێداویستی لەسەر هاووڵاتییان گران بکات."
- کردنەوەى بازاڕى شەوانى رەمەزان لە سەنتەرى شار لەلایەن سەرۆکایەتیی شارەوانیى هەولێر، لەڕووى رێکخستن و رێکارەکانى، ئەم ساڵ باشتر و چاكتر لە ساڵانی رابردوو بە باشى و بەبێ کەموکوڕى بەڕێوەدەبرێت.
- کوشتارگەى هاوچەرخى هەولێر و ڤێتەرنەرى بە هاوبەشى لەگەڵ لیژنە و لایەنە پەیوەندیدارەکان، وەکو ساڵان رێوشوێنى پێویست بگرنەبەر.
- لەپێناو پاراستن و سەلامەتیی گیانى هاووڵاتیان و رێگەگرتن لە ساخکردنەوەی خۆراکی ماوهبەسەرچوو و بێ کوالێتی، هەڵمەتى لیژنەکان و بەدواداچوون و پشکنین بۆ کۆگاکانى (خۆراک، درمان، مۆڵ، مارکێت) و شوێنەکانى ترى هاوشێوەیان لەناو شار و دەرەوەى شار زیاتر و توندوتۆڵتر دەكرێت.
|