بۆچی تورکیا دەڵێت دوای سوریا، سه‌ره‌ی عێراقه‌؟

5   کاتژمێر پێش ئێستا  45 جار خوێنراوەتەوە

ئایا فشاری سیاسییە بۆ سەر عێراق یان زانیاریی ئەمنییەو دەبێت هەڵوەستەی لەسەر بکرێت؟

لێدوانەکانی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، دەربارەی دۆخی عێراق دوای گۆڕانکارییەکانی سوریا، زیاتر لە چوارچێوەی خوێندنەوەی ستراتیژی و ئەمنی دێت بۆ ناوچەکە، تورکیا پێی وایە ئەو شەپۆلە گۆڕانکارییەی لە سوریا ڕوویدا بەتایبەت کەوتنی ڕژێمەکەی ئەسەد، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر هاوسەنگییەکانی ناوخۆی عێراق دەبێت.

هاكان فیدان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا لە چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ میدیای وڵاتەکەی ڕایگه‌یاند، دوای سوریا، سەرەی عێراقە.. داواشیكرد، حكومه‌تی عێراق بڕیاری ژیرانه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ بده‌ن و پێویستە کۆنترۆڵی تەواوەتی خاکەکەی بکات..

ئەم لێدوانەی بەرپرسەکەی تورکیا کاردانەوەی بەدوای خویدا هێنا ئایا مەبەستی تەنها پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکەیە، یان مەبەستی ئەوەیە عێراق دەست بەسەر هەرێمی کوردستانیشدا بگرێت وەک ئەوەی لە سوریا چەکدارانی دیمەشق هەوڵی کۆنترۆڵی تەواوەتی ڕۆژئاوای کوردستان دەدەن!

شارەزایانی سیاسی چەند هۆکارێک دەخەنە ڕوو کە بۆچی هاکان فیدان ئاماژەی بەوە کردووە "دوای سوریا سەرەی عێراقە"
تورکیا پێی وایە کاتێک هێزەکانی هەسەدە پێگەیان لاواز دەبێت یان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر پەکەکە لە قەندیل و شنگال.. ئەوانیش بە ئاسانی دەتوانن کۆتایی بە هەژموون و بوونیان بهێنین. 

هەروەها بەهۆی ئەوەی ئێران هاوپەیمانێکی سەرەکی ئەسەد بوو لە سوریا، نەمانی ئەو ڕژێمە بە گورزێکی گەورە بۆ "بەرەی بەرگری واتە موقاوەمە" دادەنرێت. تورکیا پێشبینی دەکات ئەو گوشارە سیاسی و سەربازییەی کە لەسەر ئێران لە سوریا دروست بووە، بگوازرێتەوە بۆ ناوخۆی عێراق و ببێتە هۆی لاوازبوونی ئەو گروپانەی کە نزیکن لە تاران.

بەڕای شارەزایان تورکیا دەیەوێت عێراق لە وڵاتێکی پڕ لە ململانێوە بگۆڕێت بۆ ناوەندێکی بازرگانی جیهانی لە ڕێگەی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان (کە بەندەری فاو بە ئەوروپا دەبەستێتەوە) قسەکانی هاکان فیدان ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کاتی ئەوە هاتووە عێراقیش وەک سوریا بچێتە قۆناغێکی نوێوە و سەقامگیر بێت.

هاوکات تورکیا وای دەبینێت عێراق پێویستی بە جۆرێک لە "نوێبوونەوەی سیاسی" هەیە و گۆڕانکارییە هەرێمییەکان وا لە عێراقییەکان دەکات پێداچوونەوە بە شێوازی حکومڕانی خۆیاندا بکەن.

لەگەڵ ئەوەشدا بەگشتی ئەم جۆرە لێدوانانە زۆرجار وەک فشارێکی دیپلۆماسی بەکاردێن بۆ ئەوەی حکومەتی بەغدا هان بدەن هاوکاری زیاتری تورکیا بکات لە دۆسیە ئەمنییەکانداو داواکارییەکانی تورکیا بە ئاسانی جێبەجێ بکەن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە