بوومەلەرزەکەی "ئێپستین" دوورگە ئابڕووبەرەکەی ئەمریکا

2   کاتژمێر پێش ئێستا  402 جار خوێنراوەتەوە

چۆن رووی راستەقینەی ئەو سیاسی و وڵاتانەی دەرخت کە خۆیان وەک رزگاری مرۆڤایەتی نیشان دەدا؟

چۆن "بەرپرسەکان" و "خاوەن گیرفانە پڕەکان" لە یەک بازنەدا کۆببوونەوە؟


جێفری ئێپستین تەنها دەوڵەمەندێکی ئاسایی نەبوو؛  تۆڕێکی فراوانی هەبوو کە سیاسییە پلە باڵاکان، ئەندامانی خێزانی پاشایەتی،" گەورە بازرگانان و تەنانە زاناکانی جیهانیشی لەخۆ دەگرت.

بڵاوبوونەوەی بەڵگەنامەکانی دادگا و لیستی ئەو کەسانەی سەردانی "دوورگەی ئێپستین"یان کردووە، وەک بورکان و لافاوێک بوو کە زۆرێک لە ناوو ناوبانگەکانی تێکدا. خەڵک بینییان کە چۆن لە پشت پەردە ڕازاوەکانەوە، جیهانێکی تاریک لە ئیستغلالکردنی منداڵان و کچانی کەم تەمەن و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە هەبووە.

ئەم دۆسیەیە پەردەی لەسەر زۆر ڕاستی لادا و نیشانیدا کە ئەو دروشمانەی لەبارەی "مافی مرۆڤ" و "دادپەروەری" لەلایەن هەندێک لە سەرۆک و بەرپرسە باڵاکانی وڵاتە زلهێزەکانی جیهانەوە دەوترێن، زۆرجار تەنها ماسکن بۆ شاردنەوەی ڕەفتارە دڕندانەکانیان.

تاوانەکانی جێفری ئێپستین تەنها دۆسیەیەکی تاوانکاری ئاسایی نەبوون، بەڵکو پەردەیان لەسەر سیستمێکی داڕزیوی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و مناڵانی کوڕ و کچ لادا

ئەوەی ئەم دۆسیەیە دەگۆڕێت بۆ "کارەساتێکی ئەخلاقی"، ئەو تۆڕە بوو کە ئێپستین دروستی کردبوو. ئەو تەنها تاوانباری نەدەکرد، بەڵکو "دیاری سێکسی" (کچانی کەم تەمەن)ی پێشکەشی مێوانە ناودارەکانی دەکرد. ئەوەش وەک جۆرێک لە "ڕاوەماسی" یان چاوشارکێ بەکاردەهات بۆ ئەوەی زانیاری و خاڵی لاوازیان لەسەر کۆبکاتەوە تا بتوانێت لە داهاتوودا فشار و هەڕەشەیان لێ بکات.

ئێپستین خاوەنی دوورگەیەکی تایبەت بوو لە دەریای کارایبی کە بە "دوورگەی ئارەزووەکان" یان "دوورگەی گوناه و شەیتان" ناسرابوو. ئەم شوێنە ببووە ناوەندێکی دابڕاو بۆ ئەنجامدانی تاوانەکان، دوور لە چاوی یاسا و پۆلیس، کە تێیدا کەسایەتییە ناودارەکانی جیهانی بانگهێشت و میوانداری دەکرد.

ناوی بەشێکی دیار لە سیاسیەکان و سەرۆک و دەستڕۆشتوو دەوڵەمەند و بازرگانە بەناوبانگەکانی جیهان لە ناو لیستەکەی ئێپستندان

گرنگی ئەم لیستە تەنها لە ناوی کەسەکاندا نییە، بەڵکو لەو "بەدیلگرتنە" (Blackmail) دایە کە باس دەکرێت.

ئێپستین ژوورەکانی دوورگەکەی بە کامێرای شاراوە تەنی بوو، ئەو کەسایەتییە باڵایانەی تێوەگلاندبوو تا لە ڕێگەی گرتە ڤیدیۆییەکانەوە هەڕەشەیان لێ بکات و کارەکانی خۆی و لایەنە هەواڵگرییەکان ڕاپەڕێنێت.

ئەم دۆسیەیە نیشانی دا کە چۆن لە بەرزترین ئاستی دەسەڵاتدا، تاوان و سیاسەت تێکەڵ دەبن.

بە ڕوونی لەم دۆسیەیەدا دەبینرێت؛ چۆن ژیانی کچانی بێتاوان کراوە بە قوربانی بۆ ئەوەی بەرپرسەکان لەناو بازنەی دەسەڵات و پارەدا بمێننەوە.


ئەم دۆسیەیە ئەو ڕاستییە تاڵەی چەسپاند کە "دادپەروەری لە جیهاندا کوێر نییە، بەڵکو سەیری گیرفان و پلەی تۆ دەکات."

ئەگەر ئێپستین بە شێوەیەکی تەمومژاوی لە زینداندا نەمردایە (یان نەکوژرایە)، ڕەنگە ئێستا زۆرێک لەو "رزگارکەرانەی مرۆڤایەتی" کە لە میدیاکاندا دەردەکەون، لە پشت میڵەکانی زیندان بوونایە.

ئەم "بومەلەرزەیە" هێشتا کۆتایی نەهاتووە، چونکە پاشلەرزەکانی (لیستە نوێیەکان و دانپێدانانی قوربانییەکان) بەردەوام پەردە لەسەر کەسایەتی نوێ لادەدەن.

چاومان لەسەر ئەم دۆسیەیە لانابەین و رووی راستەقینەی ئەوانەتان بۆ ئاشکرا دەکەین کە خۆیان وەک رزگاری مرۆڤایەتی نیشان دەدەن


   ئەمانەش بخوێنەرەوە