ئایا هەڵبژاردنی پەرلەمان لە عێراق دووبارە دەکرێتەوە؟

4   کاتژمێر پێش ئێستا  33 جار خوێنراوەتەوە

ئایا ڤیتۆکەی ترەمپ و سور بوونی مالیکی لەسەر پۆستی سەرۆکوەزیران و ڕێکنەکەوتنی پارتی و یەکێتیی لەبارەی کاندیدی سەرۆک کۆمار عێراق بەرەو کوێ دەبەن؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە، دەبێت سەیری نێوان یاسا و واقیعی سیاسی بکەین. لە عێراقدا، دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن (هەڵبژاردنی پێشوەختە) تەنیا لە دوو کاتدا ڕوودەدات:

١. ڕێگەی دەستووری (ماددەی ٦٤)

هەڵبژاردن دووبارە دەکرێتەوە ئەگەر پەرلەمان خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. ئەمەش بە دوو شێوە دەبێت:
•داواکارییەک لەلایەن سێیەکی ئەندامانی پەرلەمان پێشکەش بکرێت و زۆرینەی ڕەها (٥٠+١) دەنگی بۆ بدەن.
•یان سەرۆک وەزیران داوای هەڵوەشاندنەوە بکات بە ڕەزامەندی سەرۆک کۆمار.

٢. واقیعی سیاسی ( بابزانین کەی پەنا بۆ دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن دەبرێت؟

لە مێژووی نزیکی عێراقدا، هەڵبژاردن کاتێک دووبارە کراوەتەوە کە:
•گەیشتبێتە بنبەستی تەواو:  واتە کاتێک لایەنەکان بۆ ماوەیەکی زۆر (زیاتر لە ساڵێک) نەتوانن حکومەت پێکبهێنن و مەترسی شەڕی ناوخۆیی یان ڕووخانی سیستم هەبێت.
•هەروەها گوشاری شەقام: وەک ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٩ (خۆپیشاندانەکانی تشرین) ڕوویدا، کە بووە هۆی گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە ٢٠٢١.

پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئایا لەم قۆناغەدا ئەگەری دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن هەیە؟

ئێستا (ساڵی ٢٠٢٦) ئەگەری دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن بەستراوەتەوە بە چەند هۆکارێکەوە ئەوانیش:

•هەڵوێستی هێزە گەورەکان: کە زۆربەی لایەنە دەسەڵاتدارەکان حەز بە دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن ناکەن، چونکە دەترسن پێگەی خۆیان یان ئەو دەستکەوتانەی ئێستا هەیانە لەدەست بدەن.
•هەروەها ترس لە بایکۆت: ڕێژەی کەمی بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو، وای کردووە لایەنەکان دوودڵ بن لە دووبارەکردنەوەی، چونکە شەرعییەتی پڕۆسە سیاسییەکە دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
•ئینجا بودجە و تەکنیك: ئەنجامدانی هەڵبژاردن پێویستی بە تێچوویەکی زۆر و ئامادەکاری کۆمسیۆن هەیە کە لانی کەم ٦ بۆ ١٠ مانگی دەوێت.

بەکورتی.. ئەگەر لایەنەکان بگەنە قەناعەتێک کە بنبەستی سیاسی تێناپەڕێت و هیچ لایەک ئامادە نییە سازش بکات، "هەڵبژاردنی پێشوەختە" وەک دوایین دەرچە بەکاردەهێنرێت. بەڵام زۆرجار لایەنەکان لە کۆتا خولەکدا لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان ڕێکدەکەون بۆ ئەوەی خۆیان لە مەترسی هەڵبژاردنێک بپارێزن کە ئەنجامەکەی نادیار بێت.

لەلایەکی ترەوە ڤیتۆکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە دژی نوری مالیکی و سور بوونی مالیکی لەسەر کاندید بوونی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دۆخە سیاسییەکەی هێندەی دیکە ئاڵۆزکردووە و وڵاتی خستۆتە نێوان دوو بەرداشەوە کە یا دەبێت چاوەرێی دۆخێکی زۆزر سەختی ئابووری و سیاسی بکرێت یا دەبێت دەسەڵاتی دەوڵەتی قوڵی شیعەکان کە خۆدی مالیکی بە خاوەنی دادەنرێت بۆ هەمیشە کۆتایی بێت و متمانەی یەکجارەکی لەدەست بدات.

بەڵام دواجار ئەمە عێراقەو سیاسەتیشە.. گۆڕانکارییەکان هێندە خێران رەنگە تا تەواو بوونی ئەم قسانەمان دۆخەکە گۆڕابێت و جۆرێکی دیکەی لێهاتبێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە