رووداوەکەى کێڵگەی کۆرمۆر، چى پێگوتین و هەرێم پێویستە چی بکات؟
1 کاتژمێر پێش ئێستا
75 جار خوێنراوەتەوە
بەهۆى ئەو دەرفەتانەى دواى کەوتنى سەدام بۆ کوردستان دروستبوون، ژمارەیەک کۆمپانیاى گەورەى بوارى وزە کە لەلایەن وڵاتە زلهێزەکانى جیهانەوە بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ خاوەندارێتى دەکران، روویان لە کوردستان کرد. ئەوکات ئومێدێکى گەورە لەسەر ئەوە هەڵچندرابوو بە هاتنى ئەم کۆمپانیایانە بۆ کوردستان و بەهۆى دروستکردن و بەستنەوەى بەرژەوەندى ئەم کۆمپانیا گەورانە بە کوردستانەوە، جۆرێک لە دڵنیایى بۆ پاراستنى کوردستان دروست دەبێت.
پێمان وابوو لێدان لە کوردستان، راستەوخۆ دەبێتە لێدان لە بەرژەوەندى ئەو وڵاتانە و بەهۆی بەرژەوەندییەکانى خۆیانەوە کوردستان دەپارێزن. بەڵام هێرشە درۆنیەکانى تەممووزى ئەم ساڵ بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانى هەرێمى کوردستان و بەردەوامى هێرشى مووشەکى و درۆن بۆ سەر کێڵگەى گازى کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، دەرخەرى ئەو راستییە تاڵەن کە دەرکەوت ئەم بۆچوونە راست نەبوو.
کۆمپانیاکان نەک نەبوون بەهۆکارى ئەوەى ئاسایشى کوردستان بپارێزن، تەنانەت نەیانتوانیووە دەستەبەرى دڵنیایى پاراستنى خۆشیان بکەن. بەدرێژایى ئەو چەندین جارەى هێرشیش کراوەتە سەر کۆمپانیاکان و کێڵگە نەوتى و گازییەکان کە پشک و بەرژەوەندییەکى زۆرى ئەو کۆمپانیایانەى پێوە بەستراوە، جگە لە راگەیێندراوی سەرکۆنەکردن، هیچ هەڵوێستێکى دیکەمان لە کۆمپانیاکان و لە وڵاتەکانیانەوە نەبینى. ئەحمەد موختار وتەنى، قسە ناچێتە گیرفانەوە.
کوردستان وەک لەوەدا نەیتوانى ئامانجەکەى بەدیبهێنێت کە بەهۆى کۆمپانیاکانى وزەوە، پشتیوانى دەوڵەتەکان بەدەستبهێنێت و دەستەبەرى ئاسایش و ئارامى کوردستان بکات، وەک نەیتوانى کۆمپانیاکان والێبکات هیچ نەبێت بتوانن خۆیان بپارێزن، هەرێم بۆخۆیشى نەیتوانیووە ئاسایشى کێڵگە و کۆمپانیاکان بپارێزێت. لە داهاتووشدا کارێکى زەحمەتە هەرێمى کوردستان بەو کەرەستانەى ئێستا لە بەردەستیدایە بتوانێت دڵنیابێ لەوەى دەتوانێت کێڵگە نەوتى و گازییەکانى بپارێزێت.
چاوەڕوانیکردن بۆ ئەوەى عێراق ئەم ئەرکە لەئەستۆ بگرێت وەک لە هەندێ راگەیێندراوە فەرمییەکاندا دەبینم ئەو داوایە لە عێراق دەکەن، کورد وتەنى، ئەمە خەیاڵ پڵاوییە. چونکە عێراق نەک ئامانجى نییە ئەو کێڵگە و کۆمپانیایانە پارێزراو بن، بەڵکو خوزاریارى ئەوەیە ئاسەواریشیان نەمێنێت. هەموو ئەو هێرشانەى کراونەتە سەر کێڵگە نەوتییەکانى هەرێم و کێڵگەى گازى کۆرمۆر، سەرچاوەى بەشى زۆرى هێرشەکان زاندراون کە لەلایەن گرووپەکانى عێراقەوە ئەنجام دراون. ئەم راستییە هەموو لایەک دەیزانن، بە هەرێم و کۆمپانیاکان و دەسەڵاتدارانى عێراقیشەوە.
ئەوەى لێرەشدا مایەى هەڵوەستە لەسەرکردنە و دەرخەرى راستییەکى دیکەى تاڵە، وێناکردنى سەرچاوەى هێرشە مووشەکى و درۆنییەکانە بە (گرووپەکانى دەرەوەى دەوڵەت). لە راستیدا هیچ گرووپێک لە عێراقدا نییە لە دەرەوەى دەوڵەت بێت. داعش هەبوو، لەناو بران. هیچ گرووپێکى دیکە نییە بتوانێت لە عێراقدا چالاکى ئەنجام بدات و دەوڵەت دەستى بەسەریدا نەشکێت. با سبەینێ چوار چەکدارى کورد ناوێک لەخۆیان بنێن و بچنە ئەودیوى حەمرینەوە بە مووشەک ئامانجێک بپێکن، بزانن بەغدا فڕۆکەى ئێف 16 بۆ گیانیانیان هەڵدەسێنێت یاخود نا؟ ئەى چى سیحرێک لە پشتى ئەوەوەیە، تەنیا کێڵگەی کۆرمۆر ئەمە یازدەیەمین جارە دەکەوێتە بەر هێرشى مووشەک و درۆن، بەڵام دەگوترێت گرووپەکانى دەرەوەى دەوڵەتن. ئامانجەکە روونە، گرووپەکان لە دەرەوەى دەسەڵاتى حکومەتى شیعى نین، بەڵکو کێڵگە نەوتى و گازییەکان لە دەرەوەى دەسەڵاتى بەغدان، بۆیە بەو دەردە دەبرێن.
ناکرێت هەرێمى کوردستان هەر بەم جۆرە مامەڵە لەگەڵ ئەم رووداو و پێشهاتانەدا بکات، بەتایبەتى کە ئیدى کێڵگەى گازى کۆرمۆر بەهۆى کردنى بەسەرچاوەى سەرەکى بەدەستهێنانى کارەبا، بووە بەبەشێک لە پێویستى و ژیانى رۆژانەى خەڵک، هەر زیانگەیاندنێک بەم کێڵگەیە و کۆمپانیاى بەرهەمهێنى گاز، راستەوخۆ کاریگەرى لەسەر ژیانى هاووڵاتییان دەبێت. بۆیە پێویستە بەدواى چارەسەرێکى دیکەدا بگەڕێن دڵنیایى ئەوە دەستەبەر بکات، جارێکی دیکە رووناکى ماڵەکان نەکوژێتەوە. ئەوەش دەرکەوت بە خودى کۆمپانیاکان ناکرێت، هەروەها عێراقیش ئامادە نییە بیانپارێزێت، ئەوەش سەلمێندرا هەرێمى کوردستان تواناى پاراستنى کێڵگەکانى وزەى نییە. بەهۆى ئەوەى هێرشەکان بە درۆن و بە مووشەکى زیرەک دەکرێن، دەتواندرێت لە شوێنى زۆر دورەوە ئاراستە بکرێن، وەڵامدانەوە یان تێکشکاندنیان پێویستى بە تەکنەلۆژیا و دژە مووشەک و دژە درۆنە، کە کوردستان بە ئاسانى ناتوانێت بەردەستیان بخات.
چارەسەر ئەوەیە هەرێمى کوردستان رێگایەکى دیکە تاقیبکاتەوە بۆ پاراستنى سەرچاوەکانى وزەى کوردستان. ئەوەى تاوەکو ئێستا لە بوارى پاراستنى کۆمپانیا و کێڵگەکانى وزە سەرفیکردووە، لەگەڵ ئەو بڕە پارەیەى کۆمپانیاکان بۆ قەرەبووى هەر زیانێکى هێرشەکان تەرخانی دەکەن، پێکەوە بەشى ئەوە دەکات ئەگەر بیانەوێ باشترین کۆمپانیاکانى بوارى سیکیوریتى ئەمریکی بەکرێ بگرن.
کۆمپانیا ئەمریکییەکانى بوارى سیکیوریتى دەتوانن رادار و تەکنەلۆجیاى پێویست دەستەبەر بکەن کە بەهۆیانەوە بتواندرێت مەترسى درۆن و مووشەک لەسەر کۆمپانیاکان نەهێڵێت. وە دەتوانن سنوور بۆ عێراق و ئێرانیش دابنێن لەوەى چیدیکە دەستدرێژى نەکرێتە سەر کێڵگەکانى وزەى کوردستان.
عارف قوربانی نوسیویەتی..
|