پلانی ترەمپ بۆ کۆتاییهاتنی جەنگی ئۆکراینا و رووسیا ئاشکرابوو
1 کاتژمێر پێش ئێستا
145 جار خوێنراوەتەوە
حکومەتی ئەمریکا پلانی تیمی دۆناڵد ترەمی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی سێ ساڵ و نیوی رووسیا و ئۆکراینا پێشکەش بە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کردووە. پلانە 28 خاڵییەکەی تاوەکو ئێستا بەتەواوەتی نەزانراوە، بەڵام زۆر لە چاودێران و پسپۆڕان، رەخنەی تووندیان لێگرتووە و رایانگەیاندووە، ئەو پلانەی ترەمپ تەواو لە قازانجی رووسیایە.
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، پلانەکەی کۆشکی سپی هێشتا لە قۆناغی رەشنووسدایە و وردەکاریی سەرجەم 28 خاڵەکە ئاشكرا نەکراوە، بەڵام بەرپرسێکی ئۆکراینا وردەکاریی پلانەکەی ئاشکرا کردووە و بەگوێرەی زانیارییەکان، لە پلانەکەی ئیدارەی ترەمپدا پێشنیاز کراوە، کیێڤ دەستبەرداری هەندێک لە خاکەکەی بۆ رووسیا ببێت و نەشبێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتیی ناتۆ.
وردەکاریی پلانە 28 خاڵییەکە بەگوێرەی بەرپرسەکەی ئۆکراینا:
1 - پاراستنی سەروەریی خاکی ئۆکراینا.
2 - واژۆکردنی ئاگربەست و رێککەوتنێکی گشتگیر و درێژخایەن لەنێوان رووسیا، ئۆکراینا و وڵاتانی ئەورووپا.
3- رووسیا هەوڵی داگیرکردنی وڵاتانی دراوسێی نەدات و هاوپەیمانیی ناتۆش زیاتر فراوان نەبێت.
4 - گفتوگۆ لەنێوان رووسیا و ناتۆ بە نێوەندگیریی ئەمریکا بەڕێوەبچێت، بەمەبەستی چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە ئەمنییەکان و رەخساندنی دۆخێکی گونجاو بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان و دەستەبەرکردنی ئاسایش و ئارامی بۆ تەواوی جیهان و زیادکردنی دەرفەتەکانی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری لەنێوان وڵاتانی پەیوەندیدار.
5 - گەرەنتیی ئەمنی بۆ ئۆکراینا.
6 - ژمارەی هێزە چەکدارەکانی ئۆکراینا بۆ 600 هەزار سەرباز سنووردار دەکرێت.
7 - دەبێت ئۆکراینا رازی بێت و لە دەستوورەکەشیدا بچەسپێنێت کە نابێتە ئەندام لە هاوپەیمانیی ناتۆ و ناتۆش رازی بێت بەوەی بڕگەیەک لە دەستوورەکەیدا جێگیر بکات بەوەی لە داهاتوودا ئۆکراینا قبووڵ ناکات.
8 - ناتۆ رازی بێت هێزەکانی لە ئۆکراینا جێگیر نەکات.
9 - فڕۆکە جەنگییەکانی ئەورووپا لە پۆڵەندا جێگیر دەکرێن.
10. گەرەنتیی ئاسایشی ئەمریکا ئەم خاڵانەی خوارەوە لەخۆدەگرێت:
• ئەمریکا بەرامبەر بە پێدانی گەرەنتی قەرەبوو دەکرێتەوە.
• ئەگەر ئۆکرانیا هێرش بکاتە سەر رووسیا، گەرەنتییەکەی لەدەست دەدات.
• ئەگەر رووسیا هەوڵی داگیرکردنی ئۆکراینا بدات، جگە لە وەڵامدانەوەی سەربازیی فراوان و هاوئاهەنگ، سەرجەم سزاکانی وڵاتان بەسەریدا دەسەپێندرێتەوە. هەروەها داننان بە ناوچە نوێیەکان و سەرجەم دەستکەوتەکانی دیکەی ئەم رێککەوتنە هەڵدەوەشێنرێتەوە.
• ئەگەر ئۆکراینا بەبێ هۆکار هێرشی مووشەکی بکاتە سەر رووسیا، ئەوا گەرەنتیی ئەمنیی ئەمریکا هەڵدەوەشێتەوە.
11 - ئۆکراینا مافی بە ئەندامبوونی تەواوی لە یەکێتیی ئەورووپا هەیە و لەگەڵ تاوتوێکردنی ئەم پرسە، مافی دەستگەیشتنی بە بازاڕەکانی یەکێتیی ئەورووپا پێدەدرێت.
12 - پاکێجێکی هاوکاریکردنی فراوانی نێودەوڵەتی بۆ بونیاتنانەوەی ئۆکراینا دابین دەکرێت، لەوانەش:
• دروستکردنی سندووقی گەشەپێدانی ئۆکراینا بۆ وەبەرهێنان لە پیشەسازییەکانی وەکو تەکنەلۆژیا، سەنتەری داتا و ژیریی دەستکرد.
• ئەمریکا بە هاوبەشی لەگەڵ ئۆکراینا کار دەکەن بۆ بونیاتنانەوە، پەرەپێدان، بەمۆدێرنکردن و بەڕێوەبردنی ژێرخانی گازی ئۆکراینا.
• هەوڵی هاوبەش بۆ نۆژەنکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی جەنگ و ئاوەدانکردنەوەیان.
• گەشەپێدانی ژێرخانی ئۆکراینا.
• دەرهێنانی کانزاکان و سەرچاوە سرووشتییەکان.
• رێکخراوی بانکی جیهانی پاکێجێکی دارایی تایبەت بۆ خێراکردنی ئەم هەوڵانە دابین دەکات.
13 - رووسیا دووبارە تێکەڵ بە ئابووریی جیهان دەکرێتەوە:
• هەڵگرتنی سەرجەم سزاکان بەشێوەی قۆناخ بە قۆناخ و گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و رێککەوتنی لەسەر دەکرێت.
• ئەمریکا رێککەوتنێکی هاوکاری ئابووری درێژخایەن بۆ گەشەپێدانی هاوبەش لە بوارەکانی وزە، سەرچاوە سرووشتییەکان، ژێرخان، ژیریی دەستکرد، سەنتەری داتا، پرۆژەکانی دەرهێنانی کانزای دەگمەنی لە جەمسەری باکوور، لەگەڵ رووسیا واژۆ دەکات.
• دووبارە رووسیا بانگهێشت دەکرێتەوە بۆ بوونەوە بە ئەندام و بەشداریکردن لە گرووپی وڵاتانی G8.
14 - سامانە دەستبەسەرداگرتووەکانی رووسیا بەشێوەیەی خوارەوە بەکاردەهێندرێنەوە:
• 100 ملیار دۆلار لە سەرمایەی دەستبەسەرداگیراوی رووسیا لە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ بونیاتنانەوە و وەبەرهێنان لە ئۆکراینا بەکاردەهێندرێت.
• ئەمریکا 50٪ی قازانجی ئەم پڕۆژەیە وەردەگرێت. ئەورووپا 100 ملیار دۆلار دابین دەکات بۆ وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوەی ئۆکراینا. سەرمایەی دەستبەسەرداگیراوی ئەورووپا جارێکی دیکەوە دەدرێتەوە بە ئەورووپا.
15- تیمێکی هاوبەشی ئەمریکا و رووسیا لەسەر پرسە ئەمنییەکان دادەمەزرێنرێت بۆ پەرەپێدان و دڵنیابوون لە پابەندبوون بە هەموو بڕگەکانی ئەم رێککەوتننامەیە.
16. رووسیا سیاسەتی دەستدرێژینەکردن بەرامبەر ئەورووپا و ئۆکراینا لە یاسادا دەچەسپێنێت.
17. ئەمریکا و رووسیا رازی بن بە درێژکردنەوەی پەیماننامەکانی بڵاونەبوونەوەی چەکی ئەتۆمی و کۆنتڕۆڵکردنی چەکی ئەتۆمی، لەوانە پەیماننامەی ستارتی یەکەم.
18. ئۆکرانیا رازی بێت بە وڵاتێکی نائەتۆمی بە گوێرەی پەیماننامەی بڵاونەبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT) بناسرێت.
19. وێستگەی وزەی ئەتۆمی زاپۆریژیا لەژێر سەرپەرشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی (IAEA) دەخرێتەوە کار و کارەبای بەرهەمهێنراو بە یەکسانی لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا دابەش دەکرێت.
20. هەردوو وڵات پابەند دەبن بە جێبەجێکردنی پرۆگرامەکانی پەروەردەیی لە قوتابخانە و کۆمەڵگەدا بە ئامانجی بەرزکردنەوەی تێگەیشتن و لێبووردەیی بەرامبەر بە کولتوورە جیاوازەکان و نەهێشتنی رەگەزپەرستی و رق و کینە.
• ئۆکرانیا یاساکانی یەکێتیی ئەورووپا سەبارەت بە لێبووردەیی ئایینی و پاراستنی پێکهاتەکان پەسند بکات.
• هەردوو وڵات رازی بن بە هەڵوەشاندنەوەی هەموو رێوشوێنە جیاکارییەکان و دەستەبەرکردنی مافەکانی میدیا و پەروەردەیی لە ئۆکراینا و رووسیا.
• دەبێت سەرجەم ئایدۆلۆژیا و چالاکییە نازییەکان رەتبکرێتەوە و قەدەخە بکرێن.
21. ناوچەکان:
- کریمیا و لوهانسک و دۆنێتسک بە خاکی رووسیا دەناسرێن.
- خێرسۆن و زاپۆریژیا بە درێژایی هێڵی بەرکەوتن دەبەسترێن، ئەمەش مانای دانپێدانان بە خاکی رووسیا.
- رووسیا دەستبەرداری ناوچەکانی دیكە دەبێت کە لە دەرەوەی ئەو پێنج هەرێمە کۆنتڕۆڵی کردوون.
- هێزەکانی ئۆکراینا لەو بەشەی ناوچەی دۆنێتسک دەکشێتەوە کە ئێستا کۆنترۆڵی کردوون و ئەم ناوچەیە بە ناوچەیەکی ئارام و لە چەکداماڵدراو دادەنرێت کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەک ناوچەیەکی سەر بە رووسیا ناسراوە. هێزەکانی رووسیا بۆیان نییە بچنە ناو ئەم ناوچەیە.
22. پاش رێککەوتن لەسەر رێککەوتنی ناوچەیی داهاتوو، رووسیا و ئۆکرانیا بەڵێن دەدەن ئەم رێکخستنانە بە هێز نەگۆڕن. هیچ گەرەنتییەکی ئەمنی جێبەجێ ناکرێت لە حاڵەتی پێشێلکردنی ئەم پابەندییە.
23. رووسیا رێگری لە ئۆکراینا ناکات لە سوودوەرگرتن لە رووباری دنیپرۆ بۆ چالاکیی بازرگانی. هەروەها رێککەوتنیش بکرێت لەسەر گواستنەوەی خۆڕایی دانەوێڵە لە دەریای رەشەوە.
24. لیژنەیەکی مرۆیی بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان پێکدەهێنرێت:
• هەموو زیندانییەکان و تەرمەکان ئاڵوگۆڕ دەکرێنەوە.
• سەرجەم دەستگیرکراوەکان و بارمتەکان ئازاد دەکرێن بە منداڵەکانیشەوە.
• پرۆگرامی یەکگرتنەوەی خێزان جێبەجێ دەکرێت.
25. ئۆکراینا لە ماوەی 100 رۆژدا هەڵبژاردن بکات.
26. سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەم جەنگە، لێبووردنی تەواویان پێدەدرێت لەبەرامبەر بە کارەکانیان لە کاتی جەنگدا و رازی دەبن کە لە داهاتوودا هیچ سکاڵایەک لە دژی لایەنەکەی دیکە تۆمار نەکەن.
27. ئەم رێککەوتنە لە رووی یاساییەوە لایەنەکانی لێی بەرپرسیار دەبن. جێبەجێکردنی لەلایەن ئەنجوومەنی ئاشتی بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ، چاودێری و گەرەنتی دەکرێت. هەر لایەنێک، پێشێلکاریی بکات، سزا دەدرێت.
28. هەر کاتێک سەرجەم لایەنەکان لەسەر ئەم یاداشتنامەیە رازی بوون، ئاگربەستەکە دەستبەجێ جێبەجێ دەکرێت و هەردوولا لە ناوچەکانی لەسەری رێککەوتوون دەکشێنەوە و رێککەوتووەکان دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.
|