لە مانگێکدا 188 بوومەلەرزە لەعێراق روویانداوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
157 جار خوێنراوەتەوە
دەستەی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق رایگەیاند، لە مانگی تشرینی دووەمی 2025ـدا، 188 بوومەلەرزە لە عێراق و ناوچەکانی دەوروبەری تۆمارکراون، زۆرترینیان لە پارێزگای دیالە بوونە و هیچ زیانێکی گیانی و مادییان نەبووە.
دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، بڵاویکردەوە: "لە 188 بوومەلەرزە، 154یان لەنێو خاکی عێراق و 34یان لە دەرەوەی عێراق و نزیک سنوورەکان بوونە، 22 بوومەلەرزە لە ئێران (کرماشان، سنە، ئازەربایجان، لوڕستان و ئیلام)، 11 بوومەلەرزە لە تورکیا (وان، شرنەخ، بەدلیس و هەکاری) و یەک بوومەلەرزەش لە سووریا (حەسەکە) روویانداوە."
ئاماژەی بەوەشکردووە هێزی بوومەلەرزەکان لەنێوان 1 بۆ 4.6 پلە بووە و قووڵاییان لەنێوان 7 بۆ 38 کیلۆمەتر بووە.
ئەوەشی ئاشکرا کردووە، زۆرترین بوومەلەرزەکان لە پارێزگای دیالە بوونە کە 120 بوومەلەرزە بووە و بە دیاریکراوی لە خانەقین، بەلەدروز و کفری تۆمارکراون.
|