یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەیشتە عێراق

2   کاتژمێر پێش ئێستا  11 جار خوێنراوەتەوە

مایکڵ ریگاس، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری کارگێڕی و سەرچاوەکان گەیشتە عێراق. بە گوێرەی باڵێۆزخانەی ئەمریکا، سەردانەکەی رۆڵی دەبێت لە پەیوەندیی نێوان واشنتن و بەغدا.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، یەکی کانوونی یەکەمی 2025 باڵێۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا گەیشتنی ئەو بەرپرسەی ئەمریکای بۆ بەغدا بڵاوکردەوە.
 
ئەوە یەکەم بەرپرسی باڵاى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکایە لەدوای دەستبەکاربوونی ئیدارەى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، سەردانی عێراق بکات.
 
باڵیۆزخانەکە لە نووسینێکدا لە تۆڕی ئێکس، بەخێرهاتنی مایکڵ ریگاسی کرد و نووسی: "ئەو سەردانە پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و عێراق بەهێز دەکات لە رێگەی پەیوەندی لەگەڵ سەرکردەکان و کۆمەڵگە خۆجێییەکان، بۆ پاڵپشتیی ئامانجی هاوبەش و پەیوەندیدار بە هێنانەدی سەروەری و گەشەپێدان".
 
 25ى تشرینى دووەمى 2025  وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، مایکڵ ریگاس، سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات بە مەبەستی کردنەوەی باڵەخانەی نوێی کۆنسووڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، سەردانەکە کە تورکیا، عێراق و ئیسرائیلیش دەگرێتەوە، جەخت لە پابەندبوونی ئەمریکا دەکاتەوە بە برەودان بە سەقامگیری، ئاسایش و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەدا.
 
سەردانەکەی ریگاس بۆ ناوچەکە لە رۆژی 27ـی تشرینی دووەم دەستی پێکرد و تاوەکو 5ـی کانوونی یەکەمی 2025 دەخایەنێت. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەو بەرپرسەى ئەمریکا لە عێراق چەندین دیداری گرنگی دەبێت، بەڵام خاڵی هەرە دیاری سەردانەکەی بۆ عێراق، کردنەوەی باڵەخانەی نوێی کۆنسووڵخانەی گشتیی ئەمریکایە لە هەولێر.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە