کورتهێنانی بوودجە، عێراق بەرەو داهاتوویەکی نادیار دەبات

4   کاتژمێر پێش ئێستا  43 جار خوێنراوەتەوە

عێراق لەبەردەم دۆخێکی ئابوری شەرمەزارکەردایە..

کورتهێنانی بودجە لەعێراقدا  دەگاتە 15 تریلیۆن دینار و مەترسیەکی جدی لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی عێراق هەیە ..

پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ کورتهێنانی بودجەی عێراق بگاتە 15 تریلیۆن دینار، شارەزایەکی ئابوری پێیوایە بەردەوامی کورتهێنانی بودجە کاریگەریی لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی عێراق دەبێت و رەنگە چیتر حکومەتی عێراق نەتوانێت هەموو سەری مانگێکی پارەی تەواو بۆ دابینکردنی مووچە دەستەبەر بکات.

مەنار عوبێدی شارەزای دارایی و ئابوری، رایگەیاند: لە سەروبەندی پێکهێنانی هاوپەیمانێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی داهاتووی حکومەتی عێراق، مەترسییەکی گەورەی ئابوری لە رێگایە، دۆخی دارایی وڵات بەرەو خراپتر دەچێت و ئایندەی ناڕونە.

ئەو شارەزایە ئاماژەی بەوەکردووە، بەپێی داتاکانی مانگی ئابی 2025، داهاتی عێراق گەیشتووتە 82 تریلیۆن دینار، 73 تریلیۆن لە فرۆشتنی نەوت و 9 تریلیۆن دینار داهاتی نانەوتییە. لەبەرامبەردا خەرجییەکان گەیشتووەتە 87.5 تریلیۆن دینار، لەو رێژەیەش 73 تریلیۆن دیناری بۆ خەرجی بەکاربردنە، سەرەڕای 5 ترلیۆن دینار وەک پێشینەی حکومەت خەرجکراوە ئەوەش دەچێتە خانەی خەرجییەکانەوە.

بەوەش کۆی کورتهێنانی راستەقینە لە بودجەی گشتی عێراق تا کۆتایی ئابی 2025 گەیشتووەتە 10 ترلیۆن دینار.

ئەو شارەزا ئابورییە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەگەر دۆخی وڵات بەوشێوەیە بڕوات تا کۆتایی ساڵ کورتهێنانی بودجەی گشتی 15 تریلیۆن دینار تێدەپەڕێنێت.

بەپێی راگەیەندراوی بانکی ناوەندی عێراقی، لە نۆ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا تەنها 49 ملیار دۆلاری لە وەزارەتی دارایی کڕیوەتەوە، لەکاتێکدا لە رێگەی دەروازە ئەلیکترۆنییەکانەوە 60 ملیار دۆلاری فرۆشتووە، ئەوەش نیشانی دەدات بانکی ناوەندی 11 ملیار دۆلاری لە یەدەگی خۆی راکێشاوە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی و خواستەکان لە سەر دۆلار.

ئەو شارەزا ئابورییە ئاماژەی بەوەشکردووە عێراق لەبەردەم دۆخێکی ئابوری شەرمەزارکاردایە، بەتایبەتی لە ئەگەری دواکەوتنی پەسەندکردنی بودجەی گشتی بۆ ساڵی داهاتوو، بەهۆی درەنگ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتەوە. بە مانای ئەوەی حکومەت دەچێتە ساڵێکی نوێی دارایی ناڕون و ئاڵۆزەوە، بەبێ چارەسەرکردنی خەرجییە زۆر و داهاتە کەمەکانی.

تا کۆتایی ساڵی 10%ـی بودجەی گشتی دەبێتە کورتهێنان و 15 تریلیۆن دینار تێدەپەڕێنیت، ئەوەش تەنها ژمارە نییە، بەڵکو مەترسییەکی راستەقینەیە کە توانای وڵات و سەقامگیریی دارایی و مووچەی فەرمانبەران دەخاتە بەردەم مەترسی، ئەگەر بە خێرایی چارەسەر نەکرێت و بڕیاری بەرپرسانەی لەبارەوە نەدرێت، وڵات زیانێکی گەورەی بەردەکەوێت و هەژاریی بەرۆکی فەرمانبەران دەگرێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە