جۆلانیەکەی عێراق کێیە و بۆچی بووەتە مەترسی بۆسەر شیعەکان؟
5 کاتژمێر پێش ئێستا
26 جار خوێنراوەتەوە
جۆلانییەک بۆ گیانی شیعەکانی عێراق لە تورکیاوە راستبووەتەوە، ترسی لە دڵی شیعە وەلائییەکان چاندووە، چاوەڕوان دەکرێت ئەو کەسە بێت کە کۆتایی بە دەسەڵاتی شیعە لە عێراق دەهێنێت.
لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٥ لە چاوتروکانێکدا رژێمەکەی بەشار ئەسەد دوای زیاتر لە ١١ ساڵ جەنگ و خوێنڕشتن کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی هات و جۆلانی ناوێک کە دەمێک بوو ئەمریکییەکان ئامادەی دەسەڵاتیان دەکرد بووە حاکمی فەڕمانڕەوای سوریا.
ئێستا دیار نیە هەمان سیناریۆ چاوەڕێی عیراق دەکات یان نا، بەڵام جۆلانییەک لە دەرەوەی عێراق ئامادەکراوە و دیار نیە کەی دەخرێتە جوڵە.
عەبدولناسر جەنابی سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتیمانی ئۆپۆزسیۆنی عێراق کە لە ساڵی ٢٠١٩ لە تورکیا دامەزراوە بووەتە کارەکتەرێکی دیاری سیاسی و لە دەرەوەی وڵاتەوە سەرقاڵی گرتنە دەستی دەسەڵاتە.
عەبدولناسر جەنابی نازناوی جۆلانی عێراقی پێ دراوە و بانگەشەی ئەوەی بۆ دەکرێت لە هەر کاتێکدا دەکرێت بگەرێندرێتەوە عێراق بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات.
ئەنجوومەنەکەی جەنابی، لە یەکەمین کۆنگرەی دامەزراندنیدا پەیامی ئەوەی بڵاوکردەوە کە ئەنجوومەنەکەیان تایبەت نیە بە پێکهاتەیەکی دیاریکراو و سەرجەم لایەنەکان لە خۆ دەگرێت بە کورد و شیعەو سوننەوە.
بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنەکە، ئامانجەکانی ، بەدەستهێنانی سەروەری و سەربەخۆیی عێراقە لە رێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لەگەڵ زلهێزە نێودەوڵەتییەکان، بە دیاریکراوی ئەمەریکا و بەریتانیا.
ئەم ئەنجوومەنە ساڵی رابردوو هاوپەیمانێتییەکی لەگەڵ بەرەیەکی دیکەی ئۆپۆزسیۆن بە سەرۆکایەتی ئەحمەد ئەبیەزی سیاسەتمەداری شیعە پێکهێنا.
ئەم هاوپەیمانێتییە ئەوەندەی دیکە مەترسی لای شیعە وەلائییەکان دروستکرد کە ئێستا دەستیان بەسەر عێراقدا گرتووە و کورد و سوننەیان پشتگوێ خستووە.
هاوپەیمانێتییە نوێیەکە چەند ئامانجێکی کارکردنی داناوە.. دیارترینیان رزگارکردنی عێراق و گەڕاندنەوەی بۆ پرەنسیپەکانی ئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری، یەکسانی و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤە.
جگە لەو دوو بەرەیە، چەندین سەرکردەی دیکەی سوننەی عێراق کەوتوونەتە جوڵە بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی سیاسی دژی شیعەکانی عێراق، بەڵام ئەوەی بەرەکەی عەبدولناسر جەنابی لەوانی دیکەی جیا دەکاتەوە ئەوەیە کار بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی ئەمریکی و بەریتانییەکان دەکات.
عێراق بەهۆی کۆنتڕۆڵکردنی لەلایەن گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە بە ئاڕاستەی جەنگێکی نوێ هەنگاو دەنێت و لە هەر کاتێکدا ئەگەری پەلاماردانی لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هەیە.
|