شاسوار عەبدولواحید لە سەرۆکێکی ئۆپۆزسیۆنەوە بۆ کونجی زیندان

6   کاتژمێر پێش ئێستا  57 جار خوێنراوەتەوە

ژیانی سیاسی شاسوار عەبدولواحید کۆتایی هات !

ئەمە سەرنجی بەرپرسێکی باڵای یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە کە لەسەر دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا خستوویەتییە روو! جەختی لەوەش کردووەتەوە تا تەواوی دۆسیەکانی یەکلا نەبێتەوەو سزا یاساییەکانی وەرنەگرێت ئازاد ناکرێت.

شاسوار عەبدولواحید، بازرگانێکی تازە پێگەیشتوو، لە پڕێکدا هاتە ناو دنیای سیاسەتەوە و خۆی وەک بەدیلی پارتی و یەکێتی نیشان دا، ئێستا دادگا لەسەر هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی دیمەنی رووتی پەرلەمانتارێک بە پێنج مانگ زیندانی کردن سزای داوە.

لە هەرێمی کوردستان سیاسی و بازرگانەکان بەردەوام جێگەی توانج و رەخنەی هاووڵاتیان بوون و خراپی دۆخی خەڵک و بێ کوالێتی بەرهەمەکانیان خستوەتە ئەستۆی ئەو دوو توێژە.

شاسوار عەبدولواحید هەردوو تایبەتمەندییەکەی تێدا بوو ئەوەش وایکردبوو بەردەوام جێگەی گومان بێت و تەنانەت لایەنە سیاسییەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتیش بە وریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرد.

نەبوونی هیچ بنکەیەکی جەماوەری و کۆکردنەوەی کورسی بەرچاو لە هەڵبژاردنەکان وایکردبوو ئەوەندەی دیکە گومانەکانی سەری زیاد بن، زیاتر وەک سیناریۆیەکی پارتی و یەکێتی بۆ لێدان لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان تەماشا دەکرا.

بەشێک لە رەخنەگرانی پێیان وابو ئەو کورسی و دەنگانەی لە هەڵبژاردنەکان بە دەستی هێناون بە ساختەکارییەکی رێکخراو بۆی دانرابێت، بۆ پشتڕاستکردنەویە ئەم بۆچوونەیان نەبوونی هیچ پشتیوانییەکی مەدەنی بۆ دژایەتیکردنی دەستگیرکردنی دەخەنەڕوو.

شاسوار عەبدولواحید جیا لە دۆسیە سیاسییەکانی، زیاتر لە ٩٢ ملیار دینار قەرزی حکوومەتی لەسەرە.. چەند جارێک لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکانیدا دانی بەوەدا ناوە ئامادە نیە ئەو قەرزانە بگێڕێتەوە و دەستەواژەی بازاڕی بۆ نەدانەوەیان بەکاردەهێنا.

بە لێکدانەوەی شارەزایان زۆر لێزانانە پڕۆژە سیاسییەکەی لە بەرژەوەندی پڕۆژە بازرگانییەکانی بەکارهێناوە بۆیە لەبەرانبەر نەدانەوەی پارەی هاووڵاتیان و پارەی حکوومەت پارتی و یەکێتی تا ئێستا بێ دەنگیان بەرانبەری هەڵبژاردووە.

پارتی و یەکێتی وەک دوو هێزی چەک بەدەست و حوکمڕانی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی پێگەی خۆیان پەنایان بۆ هەر رێگایەک بردووە، کە دیارترینیان پەرت کردنی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان و دروستکردنی دوکانی سیاسی بووە.

بۆیە بە بڕوای رەخنەگران، شاسوار عەبدولواحید چی دیکە پێویستیان بە مانەوەی نەماوە و لە رێگەی دۆسیە یاساییەکانەوە لە سەر ساحەی سیاسی هەرێمی کوردستان بەیەکجاری دوور خراوەتەوە و سوڕی ژیانی سیاسی کۆتایی هاتووە.

 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە