ئازادی میدیا لە هەرێمی کوردستان چی بەسەر دێت؟

5   کاتژمێر پێش ئێستا  56 جار خوێنراوەتەوە

ساڵی ٢٠٢٥ ساڵێکی سەخت بۆ رۆژنامەنووسان، دیمەنێکی تاریک بۆ ئازادی میدیا، رەوشێکی مەترسیدار بۆ چالاکوانان.

کوشتن و دەستگیرکردن، داخستن و رێگری کردن لە سیما دیارەکانی دەسەڵاتدارانی کوردستانە لە مامەڵەکردنیان لەگەڵ میدیا و میدیاکاران لەم سالەدا.

دۆخی خراپی ئازادی میدیا لە هەرێمی کوردستان بە جۆرێک بووە  بەردەوام لە ناو راپۆرتی رێکخراوە نێودەوڵەتیەکاندا جێگەی بووەتەوە و ناوی هاتووە.

ئەم ساڵانەی دوایی پارتی و یەکێتی لە بری کوشتن و رفاندن زیاتر پەنایان بۆ فشار و رێگری کردن بردووە بەڵام ئەمساڵ دۆخەکە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و چووەتە ئاستێکی مەترسیدارەوە.

تەنیا ئەمساڵ دەیان میدیاکار و رۆژنامەنووس لە کاتی رووماڵی رووداوەکاندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لێیان دراوە و دواتر دەستگیرکراون.

کار گەیشتوەتە ئەوەی دەزگای میدیایی داخراوە و رێکخراوەکانی تایبەت بە پاراستنی مافی میدیاکاران فشاریان لەسەر دروستکراوە بە گۆڕینی بەڕێوەبەر و بەرپرسەکانیان تا لە بەرژەوەندی دەسەڵات بجوڵێتەوە.

دوایین هەنگاوی چەک بەدەستانی هەرێم کە  بەرانبەر بە میدیاکاران ئەنجامیان داوە هەوڵی کوشتنی رۆژنامەنووسێک لە سلێمانی بوو کە بە دوو فیشەک بریندار کرا.

بە گوێرەی راگەیەندراوی دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی هەوڵەکە بۆ تیرۆرکردنی رۆژنامەنووسەکە بووە و بکەرەکانی دەستگیرکراون بەڵام هێشتا پلاندانەرەکانی ناوەکانیان رانەگەیەندراوە.

تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان لە ژێر دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیدا چەندین رۆژنامەنووس تیرۆر کراون، بە سەدانی دیکە لە ترسی دەستگیرکردن و لە ژێر هەڕەشەو فشاردا کوردستانیان بەرەو دەرەوە جێ هێشتووە، تەنانەت دەیان میدیاکار زۆنی سەوزیان بەرەو زەرد و زۆنی زەردیان بەرەو سەوز لە ژێر هەڕەشە و تۆقاندندا جێهێشتووە.

ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەم دوو هێزە لەو رووداوە ئەمنیانەی بەسەر خۆیاندا دێت لە کەمترین کاتدا بکەرانی ئاشکرا دەکەن و تۆمەتبارەکان دەهێننە سەر شاشەی میدیاکانیان کەچی لە دۆسیەی کوشتنی رۆژنامەنووسان بکوژانیان تا ئێستا دەستگیرنەکراون و  بە ئازادی دەسوڕێنەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە