هەسەدە: هێرشێکى چەکدارانی سوپای سوریامان تێکشکاند
4 کاتژمێر پێش ئێستا
19 جار خوێنراوەتەوە
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ، بە تووندی وەڵامی هەوڵەکانی دزەکردن و هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشقیان لە دێرحافر لە حەلەب داوەتەوەو شەڕو ڕووبەروو بوونەوە ڕوویداوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هەسەدە لەبارەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکانی شاری دێرحافر لە پارێزگای حەلەب کە لەژێر دەسەڵاتی ئەواندایە، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوەو دەڵێت: "هێزهكانمان بەوپەڕی تووندییەوە وەڵامی هەوڵەکانی دزەکردن و هێرشی تۆپخانەی ئەو گرووپە یاخیبووانەی سەر بە حکومەتی دیمەشقی دایەوە، کە لە ناوچەی دێرحافر کردیان و هەموو هەوڵەکانیان پووچەڵ کرایەوە".
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەی هەسەدەدا هاتووە: "جەخت دەکەینەوە، بەرپرسیارێتیی تەواوی ئەم هێرشانە لە ئەستۆی ئەو لایەنەیە کە دەستیکردووە بە زێدەڕۆیی لە رێگەی پێشێلکارییە بەردەوامەکانەوە کە هەڕەشە لە سەقامگیری گشتی دەکەن".
بەڵام وەزارەتی بەرگریی سووریا، هەسەدەی بەوە تۆمەتبار کرد، کە دەستپێشخەر بوون و چەند گوندێکیان تۆپباران کردووە.
لە راگەیێندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی بەرگریی سووریا رایگەیاند، هێزەکانی هەسەدە بەشێوەیەکی "نا بەرپرسانە و لەناکاو" چەندین گوندیان لە رۆژهەڵاتی حەلەب بۆردوومان کردووە و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
وەزارەتی بەرگریی سووریا دەشڵێت، "دژی ئەو هێرشانەی هەسەدە، هێزەکانی وەزارەت لە ناوچەکە کە خراونەتە ئامادەباشییەوە، دەستیان بە ئامانجگرتنی سەرچاوەکانی بۆردوومانەکە کردووە".
ئاڵۆزییەکان لەکاتێکدان، 10ـی ئاداری ئەمساڵ رێککەوتنێکی 8 خاڵی لەنێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتیی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، واژۆ کرا، کە هەموو خاڵەکانی پەیوەستن بە هاوئاهەنگی و رێککەوتن.
|