“ئاستی ئاوی بەنداوەکانی عێراق و هەرێم بۆ پێنج ملیار مەترسێجا دابەزیوون”

4   کاتژمێر پێش ئێستا  31 جار خوێنراوەتەوە

ئەندامێکى لیژنەی کشتوکاڵ و هۆرەکان لە پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە، ئاستی ئاوی بەنداوەکانی عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ تەنها پێنج ملیار مەتر سێجا دابەزیووە، ئەمەش لەکاتێکدایە، توانای عەمبار کردنى بەنداوەکان زیاتر لە ٢٩ ملیار مەتر سێجایە.

سائر جبوری، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و هۆرەکان لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە کەمبوونەوەى ئاوى بەنداوەکانى عێراق و هەرێمی كوردستان و گرتنەوەى پشکى ئاوى عیراق لەلایەن دەوڵەتى تورکیاوە، بۆمیدیا عیراقییەکان وتى: عێراق بەرەو قەیرانێکی بێ وێنەی ئاو دەڕوات، دوای ئەوەی ئاستی عەمبارکردنی ستراتیژی لە بەنداوەکاندا بۆ ئاستێکی مەترسیدار دابەزی کە لە دەیان ساڵدا نەبینراوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی قەیرانێکی ئاڵۆزە، کە بەهۆى گۆڕانی کەشوهەوا و گرتنەوەى ئاو و لاوازی بەڕێوەبردنی ناوخۆییدا درووست بووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، عەمبارکردنی ئێستای ئاوى بەنداوەکان لە پێنج ملیار مەتر سێجا تێپەڕناکات، بە جۆرێك بەنداوى موسڵ ١١.١١ ملیار مەتر سێجا، حەدیسە ٨.٣ ملیار مەتر سێجا، دووکان ٦.٩٧ ملیار مەتر سێجا، و دەربەندیخان ٣ ملیار مەتر سێجا ئاستی ئاویان دابەزیووە.

باسی لەوەشکرد، گرنگە ڕاستییەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێت، سەبارەت بە پرسی ئاو، چونکە نوێنەرایەتی ئەولەویەتێکی نیشتمانی دەکات، ئەوەی ڕوودەدات ڕەنگدانەوەی قەیرانێکی ڕاستەقینەیە، هەروەها دەریاچەی حەمرین نزیکەی ٩٩%ـی توانای هەڵگرتنی ئاوى  لەدەستداوە.

ڕوونیکردەوە، کۆی بڕی ئاوی هاوردەکراو لە تورکیاوە لە ١٥٠ مەتر سێجا لە چرکەیەک تێناپەڕێت، لەکاتێکدا پێویستی ڕاستەقینەی عێراق لە نێوان ٧٥٠ بۆ ٨٠٠ مەتر سێجا ئاوە لە چرکەیەکدا، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بۆشاییەكی گەورە کە وڵاتەکەمان ناچار دەکات سوود لە یەدەگەکانی وەربگرێت.

عێراق ساڵانێکە بەدەست دابەزینی ئاستی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فوراتەوە دەناڵێنێت،بەهۆی دروستکردنی بەنداوەکان و کەمبوونەوەی ڕێژەی ئاو لە لایەنی دەوڵەتى تورکەوە، ئەمەش بووەتە هۆی درووستبوونی قەیرانی ئاو، کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر کشتوکاڵ و ئابووری درووستکردووە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە