داهاتی گومرگەکان گەیشتە نزیکەی دوو ترلیۆن دینار

5   کاتژمێر پێش ئێستا  77 جار خوێنراوەتەوە

سەرۆکی دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق رایگەیاند، لیژنەیەکی هاوبەش بۆ بەستنەوەی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان بە سیستمی ئەسیکۆدا پێکهێنراوە. راشیگەیاند، ئەم ساڵ داهاتیان گەیشتووەتە تریلیۆنێک و 700 ملیار دینار.
 
سامر قاسم داود، سەرۆکی دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق بە میدیای فەرمیی عێراقی وت، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی ئاب، داهاتی گومرگەکان تریلیۆنێک و 700 ملیار دینار بووە و پێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتایی ساڵ بگاتە سێ تریلیۆن دینار.
 
پار داهاتی گومرگەکانی عێراق گەیشتە دوو تریلیۆن و 700 ملیار دینار.
 
سەرۆکی دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەیەک پێکهێنراوە بۆ ئەوەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە سیستمی ئەسیکۆدا ببەسترێتەوە، ئەوەش دوای تەواوکردنی رێکارەکانی چاودێریکردن بەگوێرەی رێنوێنییەکانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق.
 
سامر قاسم داود رایگەیاند، دەستەکەیان بەردەوامە لە کارەکانی بۆ تەواوکردنی قۆناخی دووەمی ئەو سیستمەی لە سەرەتای ئەم ساڵەوە دەستیانپێکردووە. گوتیشی، سیستمەکە ئاسانکاری بۆ رێکارە گومرگییەکان و جووڵەی بازرگانی دەکات و داهات زیاد دەکات، هاوکات رێکارەکانی چاودێریش تووندتر دەکات.
 
بەگوێرەی نووسراوێکى بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی عێراق، 1ی ئەیلوول دوا وادە بوو بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان زانیارییەکانیان لەنێو سیستمی ئەسیکۆدا نوێ بکەنەوە، ئەگەرنا لە کارکردن رادەگیرێن.
 
دووشەممە 8ى ئەیلوولى 2025 سامى جەلال، سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان بۆ پێناسە گومرگییەکان رایگەیاند، رێککەوتوون لەسەر ئەوەى وادەکە بۆ 1ى تشرینی دووەمى ئەم ساڵ دوابخرێت.
 
ئامانج لەو هەنگاوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی عێراق، وردبینیکردنە لە ناسنامەی باج و هاوردەکردنى کۆمپانیاکان، بۆئەوەی کۆمپانیاکان ناچار بکرێن ئەو باجانەی لەسەریانە پاکتاوی بکەن.

رێکارەکەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی عێراق لەدوای فەرمانەکانی محەممەد شیاع سوودانییە، بۆئەوەی داهاتی نانەوتی لە عێراق زیاد بکرێت.
 
2ی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی بازرگانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتنێکی لەگەڵ لایەن پەیوەندیدارەکانی بەغدا راگەیاند لەبارەی بەکارهێنانی ژمارەی بازرگانی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە سیستمى ئەسیکۆدا.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە