هەرێمی کوردستان لە چیدا یەک ئیدارەی هەبووە؟

6   کاتژمێر پێش ئێستا  44 جار خوێنراوەتەوە

پارتی و یەکێتی زیاتر لە ٣٢ ساڵە بە شەرعیەتی شۆڕشگێڕی کۆنتڕۆڵی هەرێمی کوردستانیان کردووە و بەردەوام حکوومەتی هەرێم لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەو دوو حیزبەدا بووە، دوای سێ دەیە لە ئیدارەدان هێشتا هیچ کام لە دامەزاروەکانی هەرێمی کوردستان یەک ئیدارە نین بەردەوام لە بەرژەوەندی ئەو دوو حیزبە دابەش بوون.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێم! دوایین نمونەی ئەو دابەشکارییە زەقەیە کە لە نێوان دوو زۆنەکەی پارتی و یەکێتی خۆی نمایش کرد.

بەهۆی رووداوەکانی لالەزارەوە ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەدەستەی مافی مرۆڤ بە جۆرێک مامەڵە دەکەن کە پێچەوانەی ئەندامە یەکێتییەکانی دەستەکەن.

تەنیا لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا دوو راگەیەندراوی جیاو دژبەیەکیان بڵاوکردووەتەوە هەر کام لە راگەیەندراوەکان لە بەرژەوەندی حیزبەکانی خۆیان بوون.

ئەو دابەشکارییەی پارتی و یەکێتی لە ناو جومگەکانی حوکومڕانی دروستیان کردووە پێگەی هەرێمی کوردستانیان وەک قەوارەیەکی دەستووریی تا لێواری هەڵوەشاندنەوەی یەکجاری بردووە.

ئەم دوو حیزبە لە دادگاکانەوە بگرە تا دەگاتە قوتابخانەیەکی دوورە دەستی لادێکان دەستوەردانیان تێدا کردووە و بە پێی بنەمای حیزبی هەیکەلی ئیداریەکانیان داناوە.

تەواوی سێکتەرەکان بە گوێرەی خواستی دەستڕۆیشتوانی ناو حیزبەکان دەجوڵێنەوە، ئەوە وایکردووە گەندەڵییەکی سامناک و بە یاسا رێکخراو لە ناو ئەم سنورە جوگرافیەی کوردستان لە گەشە سەندندابێت بەردەوام پەرەی پێ دەدرێت.

دابەشکارییەکان بە جۆرێک کاریگەرییان لەسەر دامەزاراوە شەرعییەکان دروستکردووە هاووڵاتی متمانەی بە دەسەڵاتی دادوەری، پرۆسەی هەڵبژاردن، ناوەندەکانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و لەسەروو هەمووشیانەوە حکوومەت نەماوە.

هەموان لەوە تێگەیشتوون ئەوەی هەیە دوو ئیدارەییەکی زەق  و روونە بەڵام پێچەوانەی ساڵانی رابردوو!

لە رابردوودا بەهۆی شەڕی ناوخۆوە پارتی و یەکێتی لە زۆنەکانی خۆیان حکوومەتی خۆیان هەبوو، ململانێی توند لەسەر شێوازی خزمەتگوازییەکان هەبوو! بەڵام ئێستا لە ژێر ناوی حکوومەتی یەکگرتوودا خەڵکی کوردستان دەچەوسێننەوە و داهاتی گشتی بۆ ژمارەیەک دەستڕۆیشتووی ناو حیزب کۆ دەکەنەوە.

تەنانەت لە ناو ئەو لیوا هاوبەشانەی پێشمەرگە کە ئەمریکییەکان بە فشار لەناو هێزەکانی حەفتاو هەشتای پارتی و یەکێتیەوە دەری هێناون دابەشکاری روون هەیە و لە هەر رووداوێکدا هێزەکان دەگەڕێنەوە لای حیزبەکانیان هەر وەک چۆن لە رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر لە چاوتروکانێکدا هەشت لیوای هاوبەش ماڵیان لە یەکتر جیا کردەوە.

ئێستا هەرێمی کوردستان تەنیا بە ناو خاوەنی حکوومەتێکی یەکگرتووە لە بنەڕەتدا دوو کابینەیە و هەریەک لەم کابینانە سنوورەکەی نێوانیان دێگەڵەیە.

 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە