کورد لە نێوان مالکی و سودانی کامیان هەڵدەبژێرێتەوە؟

4   کاتژمێر پێش ئێستا  35 جار خوێنراوەتەوە

تا دێت وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نزیک دەبێتەوە، ئاماژەکان بەو ئاڕاستەن هەر لە ئێستاوە کورد خۆی بەسەر یەکێک لە کاندیدەکانی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو یەکلا بکاتەوە.

محمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق لیستی تایبەت بە خۆی بۆ هەڵبژاردنەکە دەبێت بەڵام پێویستی بە پشتیوانی کورد و سوننە دەبێت تا بتوانێت بۆ خولی داهاتووش لە پۆستەکەی بمێنێتەوە.

ململانێیەکی توند لە نێوان نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا و  و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی ئێستا هەیە.

ململانێکە ئەو کاتە گەیشتنە لوتکە کە سودانی بە فەرمی نیازی خۆی بۆ دانانی لیستێکی پەرلەمانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا کرد.

مالیکی چەندین جار بە ئاشکرا لە میدیاکانەوە دژایەتی خۆی بۆ هەڵبژاردنەوەی سودانی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران نیشانداوە.

هەفتەی رابردووش یەکەمین گەڕی ململانێی نێوان مالیکی وسودانی لەسەر پۆستی پارێزگاری بەغدا لە بەرژەوەندی مالیکی کۆتایی هات.

پەیوەندیدار بە کوردەوە، هاوشێوەی تەواوی سەرۆک وەزیرانەکانی پێشوو، سودانیش لەگەڵ نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمان، پەیوەندییەکانی لەگەڵ کورد تێکدا و بەشە بودجەی هەرێمی راگرت.

راگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ کڕینەوەی ئەو دەنگانەیە کە لە ناوەڕاست و باشووری عێراق هەن و دژایەتی توندی هەرێمی کوردستان دەکەن.

لە ناو شەقامی شیعە و سوننەدا دژایەتی کردنی کورد مێژوویەکی کۆنی هەیە و بابەتێکی گەرمی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانە، بە جۆرێک ئەو سەرۆک وەزیرانەی توندتر بێت لەگەڵ کورد پێگەی جەماوەری بەرزتر دەبێتەوە.

لە میدیاکانی پارتیەوە بانگەشەی ئەوە دەکرێت بەهۆی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم چیتر کورد پشتیوانی لە مانەوەی سودانی ناکات و لە بەرانبەریدا پشتیوانی لە مالیکی دەکات.

بە گوێرەی چەند زانیارییەکی نافەرمیش سودانی هەوڵی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەولێر داوەبەرپرسانی پارتی رەتیان کردووەتەوە پێشوازی لێ بکەن.

هەرچەندە هێشتا زووە بڕیار لەسەر ئەوە بدرێت کورد پشتیوانی کام کاندیدی شیعە دەکات بەڵام پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و دۆسیەی نەوت لەو پرسە گەرمانە دەبن کە کورد دەیباتە ناو گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی داهاتووی عێراقەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە