بەغدا بارگرانییەکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان زیاد دەکات
4 کاتژمێر پێش ئێستا
24 جار خوێنراوەتەوە
وا بڕیارە لە سەرەتای مانگی حەوتەوە لێبڕینێکی نوێ لەسەر مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم زیاد بکات، بەڵام ئەمجارە لە حکوومەتی هەرێمەوە نیە بەڵکو لە بەغداوە.
ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ئاشنا بوون بە لێبڕین، دواکەوتن و چارەکە مووچە و نەدانی مووچەکانیان.
هەرجارەو لە ژێر بیانوویەکدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشێک لە مووچەکانی بڕیون، لە ماوەی ئەم ١٠ ساڵەدا بە ئەستەم روویداوە چەند مانگێک لەکاتی خۆی و بێ دواکەوتن مووچەکانیان بە لێبڕینەوە وەربگرن.
بە گوێرەی ئەو رێنماییانەی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدڕاڵ دەریکردوون پێویستە لەسەرەتای مانگی حەوتەوە رێژەی لێبڕینی مووچەخۆران ٪٣ زیاد بکرێت ئەوەش بۆ گێڕانەوەی قەرزێکە کە فەرمانبەران هیچ کات وەریان نەگرتووە.
ئەو بڕە پارەیە لە تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم دەبڕێت بە خانەنشین و فەرمانبەرانەوە ئەوەش بە بیانووی ئەوەی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق جێبەجێ دەکرێت لەسەریان.
ئەو بڕە پارەیە لە بەرانبەر ئەوەدا لێیان دەبڕێدرێت کە لەساڵی ٢٠١٤ەوە یاسا نوێیەکە کەوتوەتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
ئەوەی بووەتە جێگەی سەرسوڕمان ئەوەیە، مووچەخۆرانی هەرێم نەک هەر سودمەند نەبوون لە یاساکە بەڵکو لەو ١٠ ساڵەی رابردوودا بەردەوام مووچەکانیان بە لەت و کوتی وەرگرتووە ئێستا بێ رەزامەندی خۆیان پارەی خانەنشینی ئەو مووچانەیان لێ دەبڕدرێت کە وەریان نەگرتووە.
ئەم پارەیە وەکو قەرزێک لەسەر مووچەخۆران هەژمارکراوەو بەشێوەی قیست بە مانگانە لێیان وەردەگیرێتەوە.
لە بەرانبەردا کەس خۆی لەو مووچانەیان ناکاتە خاوەن کە لەماوەی ئەو ١٠ ساڵەی رابردوودا لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێێان نەدراوە.
ئەوەی بابەتەکەی لای مووچەخۆران قورستر کردووە ئەو لێبڕینە نوێیە نیە، بەڵکو دیار نەبوونی چارەنووسی مووچەی مانگەکانی حەوت مانگی کۆتایی ئەمساڵە کە لە نێوان بەغدا و هەولێردا یارییان پێ دەکرێت.
جیا لەوە، لەمساڵدا بە بێ دەنگ و بێ ئەوەی ببێتە جێگای ناڕەزایی! تەواوی بەرزەمووچەی فەرمانبەرانی هەرێم راگیرا کە مافێکی یاسایی خۆیانە و بە گوێرەی یاسا بۆیان دیاریکراوە.
ئەم یاریکردنە بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم پێشتر تەنیا حکوومەتی هەرێم ئەنجامیدەدا بەڵام ئێستا بەغداشی هاتوەتە سەر و هەر جارەو بە بیانوویەک بەشێک لە مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان دەگێڕنەوە.
|