عێراق هەڕەشەکانی ئەمریکا پشتگوێ دەخات و یاسای حەشدی شەعبی تێدەپەڕێنن
21 کاتژمێر پێش ئێستا
420 جار خوێنراوەتەوە
سەرەڕای هۆشدارییە توندەکانی ئەمریکا لەسەر یاسای حەشدی شەعبی بەڵام شیعەکان سورن لەسەر تێپەڕاندنی یاساکە و بە نیازن بیخەنە بەرنامەی کاری دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی بۆ تاوتوێكردنی پێشهاتەكانی پرۆژەیاسای (دەستەی حەشدی شەعبی) كۆبووەتەوە
لە کۆبوونەوەکەدا تەحسین عەبدولمەتەر ئەمینداری گشتی دەستەی حەشدی شەعبی و بەرپرسی فەرمانگەی یاسایی دەستەی حەشدی بەشداری کردووە.
بە گوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە پێشنیاز کراوە بۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان تا پڕۆژەیاساکە بخاتە بەرنامەی کاری دانیشتی داهاتووی پەرلەمانەوە.
ناوەڕاستی ئەم مانگە ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا هۆشداری بە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دا، لەبارەی تێپەڕاندنی ئەو یاسایە لە پەرلەمانی عێراق.
ئەمریکا پێی وایە یاساکە دەبێتە هۆی زیاتر دەست واڵاکردنی ئێران لە عێراقدا و هەمان مۆدێلی سوپای پاسدارانی ئێران لە عێراق دووبارە دەکاتەوە.
دیار نیە ئەمریکا کاردانەوەی بەرانبەر تێپەڕاندنی یاساکە چی دەبێت بەڵام سەرباری هەڕەشەكانی ئەمریكا، سودانی سورە لەسەر تێپەڕاندنی و وەكو بەشێك لە بەرنامەی كاری حكومەتەكەی ناوی دەبات.
یاساکە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە و تەنیا دەنگدان لەسەری ماوە کە بیخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
حەشدی شەعبی ئێستا بووەتە سەرئێشەیەکی راستەقینە بۆ دەسەڵاتە شەرعییەکانی عێراق و لە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتی دام و دەزگاکاندایە.
سەرەتای ئەم هەفتەیەش بە هۆی گۆڕانکاری لە پۆستی فەرمانگەی کشتوكاڵی ناوچەی کەرخی بەغدا پێکدادانی چەکداری لە نێوان تاقمێک میلیشای حەشد و هێزە ئەمنییەکانی عێراق روویدا و بەهۆیەوە کەسێک کوژراو چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.
ئەم پێکدادانە چەکدارییە نوێترین پەرەسەندنی حەشدی شەعبییە لە عێراق کە ئەمریکا نیگەرانییەکانی خۆی لەبارەوە نیشانداوە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق راگەیەندراوێکی لەسەر ئەو رووداوە بڵاوکردەوە و تاقمەکەی حەشدی شەعبی وەک تاقمێکی تیرۆریستی ناوبرد.
جیا لەوە لە دوو رۆژی رابردوودا ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران سەردانێکی کتوپڕی بۆ بەغدا ئەنجامدا و لەگەڵ بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان کۆبوویەوە.
بۆیە مەترسی ئەوە دەکرێت بەهۆی تێپەڕاندنی یاساکەوە عێراق رووبەڕووی سزا داراییەکانی ئەمریکا بێتەوە بە تایبەت ئەو بانکانەی کە مووچەی گرووپەکانی حەشدی شەعبی دابەش دەکەن.
|