بۆچی بەهای دۆلار بەرانبەر بە دیناری عێراق دادەبەزێت؟
21 کاتژمێر پێش ئێستا
804 جار خوێنراوەتەوە
دۆلار کەی دەگاتە ١٣٢ هەزار ؟
بەهای دۆلار بەرانبەر بە دینار بەردەوام رووی لە دابەزینە و دوای پێنج ساڵ لە یاریکردن بە نرخەکەی بازنەی ٤٠ هەزاری جێهێشت و تا١٣٨ هەزار بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێک دابەزی.
بە گوێرەی ئەو پێشبینیانەی بۆ بەهای دۆلار ئەنجامدراون چاوەڕوان دەکرێت لە چەند مانگی داهاتوودا بەهای ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی لە ١٣٢ هەزار دیناری عێراقی نزیک بێتەوە و ئەو جیاوازییە چەند هەزارییەش نەمێنێت کە ئێستا لە بازاڕی رەشدا بوونی هەیە.
ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵە عێراقییەکان دەست و پەنجە لە گەڵ بێ بەهابوونی دراوەکەیان نەرم دەکەن کە کاریگەرییەکانی دابەزینی دراوەکە تەنیا و تەنیا لە سەر شانی کەم دەرامەتان ساغ دەبوویەوە.
بە گوێرەی دوایین ئاماری بازاڕەکانی دۆلار لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەهای ١٠٠ دۆلار گەیشتووەتە ١٣٩ هەزار دینار و لە دوو رۆژی رابردووشدا بە ١٣٨ هەزار مامەڵەی پێوەکرا.
شارەزایانی ئابووری عێراق پێیان وایە بەرزبوونەوەی بەهای دینار بەرانبەر بە دۆلار پەیوەندی بە ژمارەیەک هۆکاری ناوخۆیی و دەرەکییەوە هەیە کە پێشتر هۆکاری لەدەستدانی بەهاکەی بوون.
یەکێک لەو هۆکارانەی بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، لاوازبوونی گرووپە میلیشیا شیعەکان و کەمبوونەوەی قاچاخچێتی دۆلارە لە رێگەی خاڵە سنوورییەکانەوە.
شیکەرەوان پێیان وایە، هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و خۆ لادانی ئەو گرووپانە وایکردووە کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی کێشانەوەی دۆلار لە عێراقەوە بەرەو ئێران و لوبنان هەبێت، کە لە رابردوودا بەشێوەیەکی بەرچاو بوونی هەبووە.
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان پێشخستنی سیستمی بانکی عێراقە لە مامەڵە و بازرگانییە نێودەوڵەتییەکاندا، کە چیتر بازرگانان پشت بە حەواڵە کلاسیکییەکان نابەستن و لە رێگەی بانکەکانەوە داراییەکانیان ئاڵوگۆڕ دەکەن.
هەروەها پرسی کەمکردنەوەی خەرجی و ناسەقامگیری ئابووری لای هاووڵاتیانی عێراقی وایکردووە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاوردەکردنی کاڵا کەمتر بێتەوە ئەوەش کاریگەری لەسەر خواستی دۆلار دروست کردووە.
ئەم هۆکارانە بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی دینار لە دەست دامەزراوەکانی حکوومەتدا بەوەش دینار لە بازاڕەکاندا کەم و دۆلار زۆرتر بووە.
پێشبینی دەکرێت لە دوو مانگی داهاتوودا جیاوازی نێوان نرخی فەرمی دۆلار لە بانکی ناوەندی و نرخی بازاڕی رەش بە تەواوی کەم بێتەوە و دوای چەندین ساڵ کۆتایی بەو قەیرانە سەختە بێت کە بەرۆکی عێراقییەکانی گرتبوو.
|