پەکەکە: لەسەر بانگەوازی ئۆجەلان بڕیارێکی مێژووییمان دەرکرد
9 کاتژمێر پێش ئێستا
118 جار خوێنراوەتەوە
پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە رایدەگەیێنێت، کۆنگرەی 12ـەمیان لەنێوان رۆژانی 5 بۆ 7ـی ئەم مانگە لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا بەڕێوەچووە. هەروەها زانیاریی کۆنگرەکە لە داهاتوویەکی نزیکدا بڵاودەکەنەوە.
کۆنگرەکە لە دوو شوێنی جیاوازدا کراوە و دەڵێن، "لەسەر بنەمای بانگەوازی رێبەر ئاپۆ، بڕیاری گرنگی مێژوویی سەبارەت بە کارەکانی پەکەکە دەرکرد."
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتی ئەم ساڵ داوای چەکدانان خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کردبوو.
لە راگەیێندراوەکەدا کە ئەمڕۆ هەینی، 9-5-2025 پەکەکە بڵاویکردووەتەوە، هاتووە: کۆنگرەکە لەسەر بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بووە و ئەو دید و پێشنیازانەی "رێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە پێشکەشی کۆنگرەی کردبوون، خوێندرانەوە و هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا."
دەقی راگەیێندراوەکە:
دوازدەهەمین کۆنگرەی پەکەکە لە رۆژانی 5 تا 7ی ئایار، لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو. کۆنگرە بە بەشداریی نوێنەرانی هەموو بوارەکانی کارکردن، لە دوو شوێنی جیاوازدا و بە شێوەی هاوتەریب ئەنجامدرا.
دوازدەهەمین کۆنگرەی پەکەکە، لەسەر بانگەوازی رێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبووەوە و سەرەتا بە پەرۆش و رێزەوە سڵاوی لە رێبەر ئاپۆ کرد و ئەو دید و پێشنیارانەی رێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە پێشکەشی کۆنگرەی کردبوون، خوێندرانەوە و هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا. هەروەها راپۆرتی کورتی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکەش لە کۆنگرەدا خوێندرایەوە و گفتوگۆی لەسەر کرا.
لەم چوارچێوەیەدا، دوازدەهەمین کۆنگرەی پەکەکە، لەسەر بنەمای بانگەوازی رێبەر ئاپۆ، بڕیاری گرنگی مێژوویی سەبارەت بە کارەکانی پەکەکە دەرکرد.
دوازدەهەمین کۆنگرەی پەکەکە، کە لە مانگی ئایار، مانگی شەهیداندا بەڕێوەچوو، یادی هەموو شەهیدانی قارەمانی 52 ساڵی تێکۆشانی مێژوویی بە رێز و خۆشەویستی و پێزانینەوە کردەوە. بانگەوازی لە گەلی نیشتمانپەروەرمان و هەموو هێزە دیموکراتی و سۆسیالیستەکان کرد کە بە دروستی خاوەندارێتی لە هەموو ئەو بەها نەتەوەیی و دیموکراتییانە بکەن کە لە ئەنجامی 52 ساڵی تێکۆشانی مەزندا، بەتایبەتی لەلایەن شەهیدەکانمانەوە، هاتونەتە ئاراوە و بیانژین و بیانژێنن.
دوازدەهەمین کۆنگرەی پەکەکە، یادی شەهید سری سورەیا ئۆندەریشی بە رێز و پێزانینەوە کردەوە، کە یەکێک بوو لەو کەسانەی زۆرترین ماندووبوونی لە ئامادەکارییەکاندا کێشابوو. بانگەوازی لە هەمووان کرد کە بە هاوکاریی یەکتر کار بکەن بۆ سەرخستنی ئامانجەکانی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی ئەو مرۆڤە بەڕێزە، کە 12 ساڵ هاوڕێیەتیی ڕێبەر ئاپۆی کردبوو.
زانیاری و بەڵگەنامەی فراوان و ورد سەبارەت بە ئەنجام و بڕیارەکانی دوازدەهەمین کۆنگرەی پەکەکە، دوای یەکخستنی ئەنجامەکانی هەردوو شوێنەکە، لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا لەگەڵ رای گشتیدا هاوبەش دەکرێت.
لەسەر ئەم بنەمایانە، لە کەسایەتیی یەکەمین شەهیدی گەورەمان، هاوڕێ حەقی قەرەردا، جارێکی دیکە یادی هەموو شەهیدە قارەمانەکانمان بە رێز و پێزانینەوە دەکەینەوە و بانگەوازی لە گەلی نیشتمانپەروەرمان و دۆستە دیموکراتەکانمان دەکەین کە لە هەموو بوارەکاندا یادی شەهیدە قارەمانەکانمان بکەنەوە و تێکۆشان بۆ ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ زیاتر بەرزبکەنەوە!
|