نێچیرڤان بارزانی: بۆ پێکھێنانی حکومەت بە ئاراستەیەکی باش دەڕۆین
55 خولەک پێش ئێستا
35 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای بەشداریکردنی لە "لووتکەی ئابووریی سلێمانی" لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان "کۆبوونەوەی باش" کراون و گوتی: "بە ئاراستەیەکی باش دەڕۆین بۆ پێکهێنانی حکومەت".
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی وتی: "ناتوانم بڵێم حکومەت کەی پێکدێت، بەڵام دەتوانم یەک شت بڵێم، دەتوانم بڵێم کۆبوونەوەی باش تاوەکو ئێستا کراون لە نێوان سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و لە نێوان مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و پارتی".
هەر لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتەوە نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: "ئەوەی من دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە؛ خۆشحاڵم بەوەی ئێستا کەشوهەوایەکی باشتر لە نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستاندا هەیە، لە نێوان یەکێتی و پارتیشدا هەیە، ئێمە هیوادارین ئەمە بگات بە ئەنجامێکی باش".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان سلێمانی "بە شاری خۆشەویست" ناو هێنا و ئاماژەی بەوە کرد، خۆشحاڵە سەردانی شارەکەی کردووە و لەبارەی کۆنفرانسەکەشەوە ئاماژەی بەوەکرد: "پێموایە کۆنفرانسێکی زۆر بەرهەمدار دەبێت و گرنگە بۆ ئەوەی ئێمە بیر لەوە بکەینەوە کە چۆن هەرێمی کوردستان ببێتە ئەو شوێنەی کە وەبەرهێنان لە هەموو سێکتەرەکاندا بکرێت، لێرەوە هەنگاو بنرێت بۆ هەموو عێراق".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کرد و گوتی: "لەم نزیکانە رێوڕەسمێکمان هەیە و هێزەکان هەموویان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە کۆکراونەتەوە و بە فەرمی رایدەگەیێنین".
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی ئەیلوولی 2026 گەیشتە شاری سلێمانی و لە "لووتکەی ئابووریی سلێمانی" بەشداری کرد و گوتارێکی پێشکێش کرد.
لە وتارەکەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەی وت: "ئێمە عێراقێکمان ناوێت کە هەر پێکهاتەیەک پەنا بۆ هێز، ژمارە یان پێگەی خۆی ببات بۆ پاراستنی خۆی، بەڵکو عێراقێکمان دەوێت کە هەموومان پەنا بۆ دەستوور ببەین. دەوڵەتێکمان دەوێت کە تێیدا کورد، عەرەب، تورکمان، کریستیان، ئێزدی و سەرجەم هاووڵاتییانی عێراقی هەست بکەن مافەکانیان بە گۆڕانی حکومەتەکان یان هاوکێشەی هێز ناگۆڕدرێت، بەڵکو مافیان بە دەستوور پارێزراوە و لەلایەن دامەزراوەکانی دەوڵەت و یاساوە دەپارێزرێن."
سەبارەت بە پرسی بودجە و مووچەش نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند: "پرسەکانی بودجە، مووچە، نەوت و گاز و دەسەڵاتەکان دەبێت چارەسەری دەستووریی هەمیشەییان بۆ بدۆزرێتەوە، بە جۆرێک کە مافەکانی هەرێمی کوردستان و مافەکانی عێراق و تەواوی هاووڵاتییانی عێراق بپارێزرێن."
|