3 هۆکار رێگری لە رۆیشتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە نەسڕ دەکەن
1 کاتژمێر پێش ئێستا
32 جار خوێنراوەتەوە
سەرەڕای دروستبوونی دەنگۆیەکی زۆر دەربارەی داهاتووی ئەستێرەی پۆرتوگالی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ یانەی نەسری سعودی، بەتایبەت دوای لێدوانەکانی رۆژنامەنووسی وەرزشیی سعود سەڕامی سەبارەت بە ئەگەری ماڵئاواییکردنی دۆن لە گواستنەوەکانی زستانی داهاتوودا، بەڵام چەند هۆکارێک هەن کە رەنگە جێهێشتنی ریزەکانی زەردپۆشەکانی ریاز لە مانگی 1 داهاتوودا بکەنە کارێکی ئەستەم.
سەڕامی لە لێدوانێکیدا گوتبووی "رۆناڵدۆ ئێستا بووەتە کەسێکی بەسەرچوو لەنێو یانەی نەسڕدا و هیچ رۆڵێک لە پرسی گواستنەوەکان و پڕکردنەوەی کەلەبەرە تەکنیکییەکانی یانەکەدا ناگێڕێت. تەنانەت دوور نییە لە مێرکاتۆی زستاندا بە ویستی خۆی یانەکە جێبهێڵێت، بە هەمان شێوەی ئەوەی پێشتر لەگەڵ کەریم بنزیما روویدا".
سەرەڕای دەستپێکە سەختەکەی ئەم وەرزەی رۆناڵدۆ و بەئامانجگرتنی یانەکە بە شەپۆلێک رەخنە، 3 هۆکاری سەرەکی هەن کە رۆشتنی کاپتنەکەی نەسڕ ناڕەحەت دەکەن:
1- پەیوەستبوونی بە چەندین گرێبەستی جۆراوجۆر لە سعودیە
کاپتنەکەی نەسڕ جگە لەوەی تاوەکو هاوینی داهاتوو گرێبەستی وەرزشی لەگەڵ یانەکەی هەیە، هاوکات بەشێکە لە چەندین رێککەوتننامەی گەورە لە سعودیە، لەوانەش ەێککەوتنی تایبەت بە پەرەپێدان بۆ میوانداریکردنی جامی جیهانیی 2034.
سەرەڕای ئەوەش، ئەستێرە پۆرتوگالییەکە خاوەنی پشکە لە یانەکەدا و چەندین بەندی پەیوەندیدار بە لایەنی بەبازاڕکردن و کارگێڕییەوە دەبەستێتەوە، جگە لە بەشداریکردنی لە پڕۆژەی جۆراوجۆری ئابووری و گەشتیاریدا. ئەم ئەرک و پەیوەندییە زۆرانە پرسی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی زۆر ئاڵۆزتر دەکەن لەوەی تەنیا بڕیارێکی وەرزشی بێت.
2- مووچە خەیاڵییەکەی لە توانای یانەکانی دیکەدا نییە
کریستیانۆ لەگەڵ نەسڕ مووچەیەکی زۆر خەیاڵی وەردەگرێت کە بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان ساڵانە لە 200 ملیۆن دۆلار تێپەڕدەکات، جگە لە دەستکەوت و داهاتە داراییەکانی دیکە.
ئەم بڕە پارە زەبەلاحە وا دەکات هیچ یانەیەکی دیکە نەتوانێت دەستەوارەیەک پێشکێش بکات کە لەم ژمارەیە نزیک بێتەوە، ئەمەش دەبێتە کۆسپێکی گەورە لە بەردەم هەر گواستنەوەیەکدا. لە حالەتی بڕیاردان لەسەر رۆشتنیشی، لەبەر دارایی دەبێتە گەورەترین ئاستەنگ لە بەردەم ئەو هەنگاوەدا.
3- ئارەزووی بەردەوامبوون و جێگیربوون لە سعودیە
پەیوەندی رۆناڵدۆ تەنیا بە یانەی نەسڕەوە بەستراوە نییە، بەڵکو لەم دواییانەدا وەبەرهێنانێکی زۆری لە نێوخۆی سعودیەدا کردووە و لەگەڵ شێوازی ژیانی وڵاتەکەدا راهاتووە. لە چەندین بۆنەشدا دووپاتی کردووەتەوە کە دەیەوێت لەوێ بمێنێتەوە.
لە لایەکی دیکەشەوە، جۆرجینا رۆدریگێزی هاوژینی و کاریگەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پێشتر ئارەزووی خۆی بۆ بەردەوامبوونی ژیانیان لە سعودیە دەربڕیوە دوای ئەوەی لەگەڵ کەشوهەواکەیدا راهاتووە. ئەم ئارامییە خێزانییەش فاکتەرێکی بەهێزە کە بڕیاری رۆشتن بۆ رۆناڵدۆ سەختتر دەکات.
|