شەممە کۆبوونەوەکان بۆ هەناردەکرنەوەى نەوتى هەرێم دەستپێدەکەنەوە
2025-04-16
235 جار خوێنراوەتەوە
وەزیرى نەوتى عێراق رایگەیاند، شەممەی داهاتوو شاندێکى وەزارەتى سامانە سرووشتیەکانی هەرێمی کوردستان سەردانى بەغدا دەکات بۆ دەستپێکردنەوەى دانوستاندنەکان بۆ هەناردەکردنەوەى نەوت. دەشڵێت، "وەزیرى دارایی بە نووسراو بەڵێنى داوە پارەى کۆمپانیاکانى نەوت خەرج بکات".
حەیان عەبدولغەنی، وەزیرى نەوتى عێراق رۆژی چوارشەممە پانێلێکی تایبەت لە کۆڕبەندی سلێمانی رایگەیاند زیاتر لە ساڵ و نێوێک پەیوەندى لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان و بەدیاریکراوى لەگەڵ وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان هەبووە، لە بارەى میکانیزمى هەناردەکردنەوەى نەوت، چونکە پێویستییەکى زۆر هەیە بۆ زیادکردنى داهات و بۆ پاڵشتى بودجەى عێراق، کە سوودیشى بۆ حکومەتى هەێمى کوردستان هەیە.
حەیان عەبدولغەنی وتى: "یاسای بودجە شەش بۆ حەوت دۆلارى بۆ بەرهەمهێنانى نەوت لە هەرێمى کوردستان دیاری کردبوو، ئەو پارەیە پێویستى گرێبەستەکانى نەوتى پڕ نەدەکردەوە و نرخى راستەقینەى بەرهەمهێنانى نەوتى کۆمپانیاکانى دەستەبەر نەدەکرد".
پەرلەمانى عێراق رۆژی دووى شوباتى 2025، یەکەم هەموارى یاسای بودجەى سێ ساڵی عێراقى پەسندکرد وەک هەنگاوى یەکەمى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان، کە لە کۆتایی مانگى ئادارى 2023ـەوە راگیراوە.
وەزیرى نەوتى عێراق ئاماژەى بەوەدا، بەگوێرەى هەموارى یاسای بودجە ئەو پارەیەى دەدرێتە کۆمپانیاکانى نەوت کە 16 دۆلارە بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەى هەر بەرمیلێک پێشینەیەکى بەراییە.
حەیان عەبدولغەنی ئاماژەی بەوەشکرد: "کێڵگەکانى هەرێمى کوردستان لە رووى سرووشتى جوگرافییەوە سەختە و هەڵکەندنى بیرەکان تێچووى زۆرە و بەرهەمیشیان کەمترە، کێڵگە هەیە بەرهەمی دەگاتە 20 بۆ 25 هەزار بەرمیل، بەراورد بە کێڵگەى رومیلە زۆر کەمە، کە رۆژانە یەک ملیۆن و 450 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، لە کێڵگەى بەدرە و ئەحدەب بەرهەمهێنانى هەر بەرمیلێک زیاتر لە 36 دۆلارى تێدەچێت، لەکاتێکدا گرێبەستى بەرهەمهێنانى نەوت لە کێڵگەکانى رومێلە 4 دۆلار تێپەڕ ناکات".
|