زیاتر لە 24 هەزار خانەنشین چوار مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە

2025-04-06  301 جار خوێنراوەتەوە

بەگوێرەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو لە عێراق، ئەم ساڵ لەدایکبووانی سێ ساڵ؛ ساڵەکانی 1962، 1963 و 1964 لە هەرێمی کوردستان خانەنشین بوون، کە ژمارەیان زیاترە لە 25 هەزار کەس.
 
سادق شێخ عوسمان، وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە میدیاکانی وت: "تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 24 هەزار خانەنشینبووی ئەم ساڵ مامەڵەکانیان تەواو نەکراوە، تاوەکو مامەڵەشیان تەواو نەبێت ناتوانن مووچە وەربگرن".
 
سادق شێخ عوسمان دەشڵێت: "لە تەواوی هەرێمی کوردستان لە زیاتر لە 25 هەزار خانەنشینبووی سێ ساڵ، کەمتر لە هەزار کەسیان مامەڵەیان تەواو کراوە و مانگی سێ مووچەیان وەرگرتووە، زیاتر لە 24 هەزار کەسیان دوایین مووچە وەریانگرتبێت مانگی 11ـی ساڵی رابردوو بووە".
 
وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان ئاماژەی بەوەدا خانەنشینان پێویستیی بە پەلەیان بە مووچەکانیانە و داوایکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان مامەڵەکانیان خێراتر بکات، چونکە ئەوانیش ماڵ و منداڵیان هەیە و بەمشێوەیە بەردەوام بێت، زۆرینەیان تاوەکو چەند مانگێکی دیکەش ناتوانن مووچەکانیان وەربگرن.

لەبارەی هۆکاری خاوبەڕێوەچوونی مامەڵەی خانەنشینانیش، سادق شێخ عوسمان رایگەیاند: "ئێستا دەبێت هەموو مامەڵەیەکی خانەنشینان ببرێتەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەنشینی هەرێمی کوردستان لە هەولێر، ئەوەش بارگرانیی زۆری دروستکردووە و بووەتە هۆکاری دواکەوتنی مامەڵەکان".
 
باسی لەوەشکرد، داوایان کردووە، هەر پارێزگایەک لەنێوخۆدا مامەڵەکان تەواو بکات و پێویستی بە هەولێر نەبێت بۆ ئەوەی خێراتر کارەکان بەڕێوەبچێت. گوتیشی: "دەنگۆ هەیە وای لێبکرێت پێویستی بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی لە هەولێر نەبێت، بەڵام هێشتا نەبووەتە راستی".
 
دەشڵێت: "رۆتیناتی وەزارەتەکانیش هۆکارن بۆ دواخستنی مامەڵەی خانەنشینان. بۆ نموونە؛ وەزارەتی پەروەردە تاوەکو ئەمڕۆ خانەنشینانی لەدایکبووی 1964ـی وەرنەگرتووە، بەڵکو بەگوێرەی ساڵەکان و لە 1962ـەوە دەستیپێکردووە. هەروەها وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت دەبێت هەموو دۆسیەی خانەنشینان بچنەوە وەزارەتەکەی پاشان مامەڵەکەی بکات".


   ئەمانەش بخوێنەرەوە