وردەکارییەکانی کڕینەوەی یانەی ڤالێنسیا لەلایەن کریستیانۆ رۆناڵدۆوە

2025-04-06  164 جار خوێنراوەتەوە

سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان ئاشکرایانکردووە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەبێتە خاوەنی یانەی ڤالێنسیای ئیسپانی، بەڵام تاوەکو ئێستا راستیی رووداوەکە روون نییە و هەرئەوەش پرسیاری زۆری لەبارەی دروستیی هەواڵەکەوە هێناوەتە ئاراوە.
 
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان لەماوەی رابردوودا ئاماژەیان بەوەدابوو، کە کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی یانەی نەسڕی سعودی، نزیکە لە کڕینەوەی یانەی ڤالێنسیای ئیسپانی.
 
لەماوەی رابردوودا دەنگۆکانی کارەکە گەورەتربوون، کاتێک دەرکەوت رۆناڵدۆ پەیوەندییەکی قووڵی لەگەڵ پیتەر لیم، خاوەنی ئێستای یانەکەدا هەیە.
 
جولیان ریدۆندۆ کە رۆژنامەڤانێکی باوەڕپێکراوی ئیسپانییە، لە نووسینێکدا لە رۆژنامەی 'مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ' ئاماژەی بەوەداوە کە رۆناڵدۆ دەبێتە خاوەنی نوێی یانەی ڤالێنسیا.
 
ئەو رۆژنامەوانە زیاتر ئاماژەی بەوەداوە کە کڕینەوەی یانەکە لەلایەن رۆناڵدۆ و گواستنەوەی موڵکایەتییەکەی بۆ رۆناڵدۆ، پەیوەستە بەمانەوەی ڤالێنسیا لە خولی لالیگای ئیسپانیا و دانەبەزین بۆ خولی پلە دووی وڵاتەکە لە وەرزی ئەمساڵدا.
 
ڤالێنسیا، ئێستا لە پلەی 15ی ریزبەندی لالیگایە بەکۆکردنەوەی 34 خاڵ و تەنیا حەوت خاڵ لە ناوچەی دابەزینەوە دوورە. لە کاتێکدا خولەکە تەنیا هەشت گەڕی ماوە.
 
ڤالێنسیا دوێنێ بردنەوەیەکی گەورەی بەسەر ریال مەدرید بەدەستهێنا و 2 - 1 لە ریال مەدریدی بردەوە.
 
دەنگۆ و زانیارییەکان لە کاتێکدان کە تاوەکو ئێستا نە کریستیانۆ رۆناڵدۆ و نە هیچ کەسێکی نزیکی ئەو، هیچ لێدوانێکیان لەبارەی زانیارییەکانەوە نەداوە، لە کاتێکدا لیم دووپاتیکردووەتەوە کە یانەکە بۆ فرۆشتن نییە.
 
لیم لە ماوەی رابردوودا، کوڕەکەی بەسەرۆکی نوێی یانەکە دەستنیشانکرد.
 
لیم لە بڵاوکراوەیەکدا دوای دەنگۆکان وتی، "دەمانەوێت دووپاتی بکەینەوە کە ئەو راپۆرتانە دوورن لە راستییەوە، یانەی ڤالێنسیا بۆ فرۆشتن نییە و ئێمە پابەندین بەبەرپرسیارێتییەکانمان بەرامبەر یانەکە".
 
ئەوەی وایکردووە گومان لە بەردەوامبوونی لیم لەخاوەندارێتی یانەکە بکرێت، ئەو زانیارییانە کە لە سۆشیال میدیادا بڵاوبوونەتەوە و جێگەی سەرسوڕمانیشە لای هاندەرانی یانەکە.
 
هاندەرانی ڤالێنسیا لەوە تێناگەن بۆچی لیم پارەیەکی زۆری لە دوورخستنەوەی رۆبین باراخا لە مەشقدانی یانەکە و دەستنیشانکردنی کارلۆس کۆربێران بەڕاهێنەری نوێی یانەکە خەرجکرد.
 
هەروەها گرێبەستی لەگەڵ سێ یاریزاندا کردووە بەشێوەی خواستن و ئەوەش ئاماژە دەدات بەدەستەوە لەوەی کە چوونە دەرەوەی لە یانەکە ئێستا لە هەموو کات نزیکترە.
 
لە بەرامبەردا میدیای ئینگلتەرا دەڵێن، "لۆژیکیی نییە کریستیانۆ رۆناڵدۆ یانەیەکی ژێرکەوتووی قەرز بکڕێتەوە".
 
رۆناڵدۆ لە ماوەی یارییکردنی لەگەڵ ریال مەدرید، 15 گۆڵی لە یانەی ڤالێنسیا تۆمارکردووە.
 

پێدەچێ راستی و دروستی بابەتەکە، تاوەکو بەدەنگ هاتنی رۆناڵدۆ یان کەسە نزیکەکەکانی لەبارەی ئەو هەواڵانەوە کۆتاییان نەیەت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە