سبەی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانە لە هەرێمی کوردستان
2025-03-29
91 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "سبەی (یەکشەممە، 30-3-2025) یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانە."
پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە هەولێر، رایگەیاند "ئەمڕۆ لیژنەی باڵای بینینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی کۆبووەوە، دوای هەماهەنگیکردن لەگەڵ لیژنە لاوەکییەکانمان لە سنووری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان و بە پشتبەستن بە بەڵگە شەرعییەکان و شارەزایانی بواری فەلەکناسی، رایدەگەیێنین سبەی، یەکشەممە 30-3-2025 یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆزە."
ئەمە لەکاتێکدایە؛ ئێوارەی ئەمڕۆ سعودیە رایگەیاند، "مانگی شەوال بینرا و، سبەی (یەکشەممە) یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانە.''
لیژنە لاوەکییەکانی بینینی مانگ، لەوانە لیژنەکە لە سلێمانی ئەمساڵ لە چیای گۆیژەوە سەیری مانگیان کرد و دواتر راپۆرتی خۆیان بە وەزارەتی ئەوقاف داوە بۆ ئەوەی لەوێوە رابگەیێنرێت.
ئەندامێکی لیژنەکەش بە رووداوی گوت "تەلەسکۆپێکمان پێیە کە 100 جار مەودا نزیک دەکاتەوە بۆ بینینی مانگ."
|