“گڕگرتنی بەشێک لە ئۆتۆمبێلەکان بە ئەنقەست و سیناریۆن”

7   کاتژمێر پێش ئێستا  339 جار خوێنراوەتەوە

بەرگریی شارستانی هەولێر دەڵێت، بەشێک لە ڕووداوەکانی سووتانی ئۆتۆمبێل سیناریۆن و خاوەنەکەی بۆ ئەوەی پارەی بۆ کۆبکرێتەوە بە ئەنقەست دەیسووتێنێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، شاخەوان سەعید، وتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر ڕایگەیاند، تەنیا لە مانگی تەمووزدا 23 ڕووداوی سووتانی ئۆتۆمبێل تۆمار کراون و کۆی گشتیی ڕووداوەکان لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا کۆتایی مانگی حوزەیرانی ڕابردوو 87 ڕووداو بووە.

ئەوەشی خستەڕوو کە لە هەندێک حاڵەتدا ئۆتۆمبێلی کۆن یان بێسەرەتا بە دەستی ئەنقەست لە شوێنێکی گشتیدا دەسووتێنرێن، پاشان ستافێک هەڵدەستێت بە کۆکردنەوەی پارە بۆ خاوەنەکەی بە ناوی ئەوەی کە کەسێکی زیانلێکەوتوو و لێقەوماوە، لە کاتێکدا هەمووی سیناریۆیەکی دروستکراوە.

وتەبێژی بەرگریی شارستانی جەختیکردەوە کە لەمەودوا بۆ ڕێگریکردن لەم دیاردەیە، لە هەر ڕووداوێکدا گومان هەبێت لێکۆڵینەوەی ورد و چڕ دەکرێت. ئاماژەی بەوەشدا کە پۆلیس و ئاسایش ئاگادار دەکرێنەوە و هەرکەسێک تێوەگلابێت دەدرێتە دادگا.

هەروەها داوای لە هاووڵاتییان کرد هەر گومانێکیان هەبێت دەستبەجێ پۆلیسی لێ ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەی ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر پێشێلکاران بگیرێتە بەر.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە