دوای تەرککردنی جگەرە چی لە جەستە ڕوودەدات؟
2026-08-02
482 جار خوێنراوەتەوە
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە ڕاپۆرتێکی پزیشکیدا ئاشکرای دەکات هەرچەندە وازهێنان لە جگەرەکێشان لە هەر قۆناغێکدا بێت سوودی گەورەی هەیە، بەڵام هەندێک لە زیانەکانی سەرسییەکان و مەترسیی شێرپەنجە بۆ چەندین ساڵ و تەنانەت تا کۆتایی ژیانیش هەر دەمێننەوە.
توێژینەوە پزیشکییەکان ئاشکرایان کردووە، بەشێک لە شوێنەوارە ئەرێنییەکانی تەرککردنی جگەرە یەکسەر دەردەکەون؛ بۆ نموونە دوای 20 خولەک لێدانی دڵ ئاسایی دەبێتەوە و دوای چەند کاتژمێرێک ئاستی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن لە خوێندا دادەبەزێت. دوای چەند هەفتەیەکیش مووە وردەکانی ناو سییەکان دەست دەکەنەوە بە کارکردن بۆ پاککردنەوەی سییەکان، کە ئەمەش مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتە کەمدەکاتەوە.
پزیشکان هۆشداری دەدەن کە هەندێک زیان گەڕانەوەیان نییە؛ دووکەڵی جگەرە کیسە وردەکانی هەوای سەر سییەکان لەناودەبات کە بەرپرسن لە ئاڵوگۆڕی ئۆکسجین، ئەم کیسانەش هەرگیز دروست نابنەوە و دەبنە هۆی تەنگەنەفەسیی درێژخایەن. هەروەها تێکچوونی DNA خانەکانی سییەکان مەترسیی شێرپەنجە بە بەرزی دەهێڵێتەوە.
دکتۆر ئیریک سینگی، پسپۆڕی شێرپەنجە لە ئەمریکا دەڵێت: تەنانەت دوای دەیان ساڵ لە تەرککردنی جگەرەش، مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان سێ تا چوار بەرامبەری کەسێکە کە هەرگیز جگەرەی نەکێشابێت.
پزیشکان ئامۆژگاری وازهێنەران دەکەن کە پەنا بۆ وەرزشی بەردەوام و خواردنی تەندروست (وەک سپێناخ، برۆکۆلی، ماسی و چای سەوز) بەرن، هەروەها دووربکەونەوە لە "ڤەیپ" چونکە زیانی بۆ سییەکان هەیە. بۆ ئەو کەسانەش کە بۆ ماوەیەکی درێژ جگەرەکێش بوون، پشکنینی ساڵانەی پێشوەختە بۆ شێرپەنجە بە زەروورەت دەبینرێت.
|