تێکەڵکردنی قاوە و خواردنەوەی وزەبەخش مەترسییەکانی چین؟

2   کاتژمێر پێش ئێستا  15 جار خوێنراوەتەوە

پزیشکێک هۆشداری توند دەدات تێکەڵکردنی قاوە و خواردنەوەی وزەبەخش مەترسی لەسەر ژیانی نەخۆشانی دڵ و خانمانی دووگیان دروست دەکات

دکتۆر زەهرە سالباغارۆڤا، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ، وشیارییەکی توند دەدات لەبارەی مەترسییەکانی خواردنەوەی هاوكاتی قاوە و خواردنەوە وزەبەخشەکان، و ڕایدەگەیەنێت کە ئەم تێکەڵەیە مەترسییەکی ڕاستەوخۆ لەسەر ژیانی نەخۆشانی دڵ، مێرمنداڵان و ئافرەتانی دووگیان دروست دەکات.

ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییەکانی دڵ ڕوونی کردەوە کە بەکارهێنانی قاوە و خواردنەوە وزەبەخشەکان بێکەوە دەبێتە هۆی ئەوەی جەستە بە ئاسانی ڕێژەی ڕێگەپێدراوی کافایین ببەزێنێت.

بەپێی وتەی دکتۆر سالباغارۆڤا: “بە تێکڕا، یەک قوتو خواردنەوەی وزەبەخش لە نێوان ٨٠ بۆ ١٦٠ میلیگرام کافایینی تێدایە، لە کاتێکدا یەک فنجان قاوە ٨٠ بۆ ١٢٠ میلیگرامی تری تێدایە. کاتێک بە یەکەوە دەخوڕێنەوە، زۆر بە ئاسانی بڕی سەلامەتی ڕۆژانە دەبەزێنرێت، کە بەپێی ڕێنماییەکانی دەستەی سەلامەتی خۆراکی ئەوروپی، بڕی سەلامەت بۆ کەسێکی پێگەیشتووی تەندروست بریتییە لە ٢٠٠ میلیگرام لە یەک ژەمدا و زۆرترین بڕ ٤٠٠ میلیگرامە لە ڕۆژێکدا.”

ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوەش کرد کە وەرگرتنی بڕێکی زۆری کافایین دەبێتە هۆی هاندانی دەردانی هۆرمۆنی ئادریناڵین، ئەمەش بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، خێراکردنی لێدانی دڵ و زیاتربوونی پێویستیی ماسولکەکانی دڵ بە ئۆکسجینی لێ دەکەوێتەوە. سەرئەنجام ڕەنگە ببێتە هۆی دڵکوتێ، دڵەڕاوکێ، بێخەوی، لەرزینی دەست و سەرئێشە.

هەروەها جەختی کردەوە کە ئەم تێکەڵەیە مەترسیدارترە بۆ ئەو کەسانەی کە کێشەی بەرزی پەستانی خوێن، ناڕێکیی لێدانی دڵ، یان نەخۆشییەکانی تری دڵیان هەیە، هاوکات بۆ مێرمنداڵان و ئافرەتانی دووگیانیش زۆر مەترسیدارە.

زەهرە سالباغارۆڤا وتیشی: “مەترسیی خواردنەوە وزەبەخشەکان تەنها لە کافاییندا کورت نابێتەوە؛ چونکە زۆرجار پێکهاتەی وەک ‘گوارانا’ی تێدایە کە سەرچاوەیەکی تری کافایینە، لەگەڵ ترشی ‘تۆرین’ و ماددە هاندەرەکانی تر، بۆیە دەبێت کاریگەری کۆکراوەی تەواوی ئەم پێکهاتانە ڕەچاو بپڕێزرێت.”

لە کۆتاییدا، ئەم پسپۆڕە ڕێنمایی دەدات کە بۆ زیادکردنی تەرکیز و بەئاگاهی، تەنها بە خواردنەوەی یەک فنجان قاوە بێ پەنابردنە بەر هاندەرە زیانبەخشەکانی تر ڕازی ببن. هەروەها جەختی کردەوە کە لە کاتی هەستکردنی بەردەوام بە ماندوێتی، باشتر وایە بەدوای هۆکارە سەرەکییەکانیدا بگەڕێن و ڕێگەی تەندروستتر بۆ گەڕاندنەوەی وزەی جەستە بگرنە بەر.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە