هیوا بۆ هاندەرانی بارسێلۆنا دەگەڕێتەوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
34 جار خوێنراوەتەوە
میدیاکانی نزیک لە یانەی بارسێلۆنا جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە دانوستاندنەکانی بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدرید بۆ گواستنەوەی جولیان ئەلڤارێزی هێرشبەری ئەرجەنتینی لە واندا میترۆپۆلیتانۆ بۆ کامپ نو بەردەوامن.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، دانوستاندنەکانی نێوان بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدرید بۆ گواستنەوەی جولیان ئەلڤارێز لە رۆژانی داهاتوودا بەردەوام دەبن و دەڵێن "بارسا بەنیازە هێرشبەرێک بگوازێتەوە و ئەلڤارێز بژاردەی یەکەمە، بەڵام یەکلاکردنەوەی گرێبەستەکە زیاتر بەدەست یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدە نەک بارسێلۆنا".
پێشتر میدیاکانی ئەرجەنتین باسیان لەوە کردووە کە جولیان ئەلڤارێز لە ئاتلێتیکۆ مەدرید بێزارە و بڕیاری کۆتایی خۆی داوە و دوای مۆندیال روو لە یانەیەکی نوێ دەکات. میدیاکانی ئیسپانیاش باسیان لەوە کرد کە ئەلڤارێز بژاردەی بارسێلۆنایە و تەنانەت یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید هەڕەشەشی لە بارسێلۆنا کرد، گوایە بەبێ ئەوان قسەیان لەگەڵ ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە کردووە.
تاوەکو ئێستاش لە ئەرجەنتینەوە دەنگۆکان لەبارەی داهاتووی جولیان ئەلڤارێز، هێرشبەری نێودەوڵەتی روو لە زیادبوونن و باس لەوە دەکرێت یاریزانەکە بڕیاری داوە ئەزموونێکی نوێ تاقی بکاتەوە و پێیوایە قۆناخی کارکردنی لەگەڵ رۆخی بلانکۆس بەرەو کۆتایی دەچێت و دەیەوێت پەیوەندی بە یانەیەکەوە بکات کە هەلی زیاتری کێبڕکێکردن لەسەر نازناوە گەورەکانی پێببەخشێت.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەلڤارێز بژاردەی دڵخوازی خۆی دیاری کردووە و یانەی بارسێلۆنای وەک وێستگەی داهاتووی خۆی دوای مۆندیال دەستنیشان کردووە؛ هەنگاوێک کە پێشبینی دەکرێت بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان گەرمتر بکات، ئەگەر بێت و ئارەزووەکە بگۆڕێت بۆ دانوستاندنی فەرمی.
|