هەڵبژاردەی تۆپی پێی کوردستان لە فینلاند پلەی دووەمی بەدەستهێنا
2 کاتژمێر پێش ئێستا
34 جار خوێنراوەتەوە
هەڵبژاردەی تۆپی پێی کوردستان کە تیپێکی ڕەوەندە لە فینلەندا، سەرکەوتنێکی بەرچاوی بەدەستهێنا لە پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی جامی نێودەوڵەتی تات کە لە شاری هێلسنکی بەڕێوەچوو و پلەی دووەمی پاڵەوانێتییەکەی بەدەستهێنا.
ئەم پاڵەوانێتییە ساڵانە لە شاری هێلسنکی پایتەختی فینلاند بەڕێوەدەچێت و ژمارەیەکی زۆر لە تیپی ڕەوەند لە وڵاتانی جیاوازەوە بەشداری دەکەن، ئەمساڵ تیپی کوردستان ئاستێکی بەهێزی پێشکەش کرد، گەیشتە یاری کۆتایی.
لە یاری کۆتاییدا هەڵبژاردەی تۆپی پێی کوردستان ڕووبەڕووی تیپی تۆپی پێی غانا بووەوە و دوای شەڕێکی سەخت، بە ڕکابەرەکەیان دۆڕا و پاڵەوانێتییەکە بە پلەی دووەم کۆتایی پێهێنا و غانا بوو بە پاڵەوان.
جامی نێودەوڵەتی تات یەکێکە لەو چالاکییە وەرزشیانەی کە ساڵانە لە فینلاند بەڕێوەدەچێت و تیایدا ڕەوەندەکانی نەتەوە و وڵاتانی جیاواز لە ڕێگەی تۆپی پێەوە کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی ڕکابەری لەسەر پاڵەوانێتییەکە بکەن.
|