دراوی چاپکراوی عێراق 113 تریلیۆن دینارە، لە 94%ـی لە دەرەوەی بانکەکانە
4 کاتژمێر پێش ئێستا
241 جار خوێنراوەتەوە
بەپێی ئامارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق دراوی چاپکراوی عێراق تاوەکو مانگی ئایاری ئەم ساڵ 113 تریلیۆن دیناری تێپەڕاندووە، بەڵام زیاتر لە 94٪ی ئەو پارەیە لە دەرەوەی بانکە بازرگانییەکانە، ئەمەش کێشەی نەختینەی بۆ حکومەت دروست کردووە. ئەندامێکی لێژنەی دارایی پەرلەمان چاپکردنی پارە بۆ پڕکردنەوەی کەلێنی نەختینە بە مەترسی بۆ سەر زیادبوونی هەڵاوسان دادەنێت.
ئامارەکانی بانکی ناوەندی دەریدەخەن، کە لە ساڵی 2004دا دراوی چاپکراوی عێراق تەنیا هەشت تریلیۆن و 20 ملیار و 524 ملیۆن دینار بووە. بەڵام لە مانگی ئایاری ئەم ساڵ گەیشتووەتە 113 تریلیۆن و 560 ملیار و 250 ملیۆن دینار. واتە لە ماوەی 22 ساڵی رابردوودا بڕى چاپکردنی پارە 13 هێندە زیادی کردووە.
زۆرترین چاپکردنی پارە لەلایەن حکومەتی عێراق لە ساڵی 2026دا بووە، بە جۆرێک ریکۆردی سەرجەم ساڵەکانی پێشووی شکاندووە.
لە دوایین مانگی پاردا، پارەی چاپکراوی عێراق گەیشتبووە 99 تریلیۆن و 798 ملیار و 657 ملیۆن دینار، بەڵام لە کۆتایی مانگی پێنجی ئەمساڵ زیادی کردووە بۆ 113 تریلیۆن و 560 ملیار و 250 ملیۆن دینار. واتە تەنیا لە ماوەی ئەو پێنج مانگەدا عێراق 13 تریلیۆن و 761 ملیار و 593 ملیۆن دیناری چاپ کردووە.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاندووە: "عێراق کاتێک دەکەوێتە کێشەی ئابوورییەوە، یەکێک لە رێگەچارەکان چاپکردنی پارەیە. ئێستا کە بڕێکی کەم نەوت هەناردە دەکرێت و داهات کەمە، هیچی دیکەیان لەبەردەست نییە جگە لە چاپکردنی پارە."
بانکی ناوەندیی عێراق ئاماژەی بە بڕی ئەو پارەیە داوە، کە لە نێو بانکە بازرگانییەکانە یان لە دەرەوەی بانکەکانە، بەپێی داتاکانی بانکەکە لە کۆی زیاتر لە 113 تریلیۆن و 560 ملیار دینار، 106 تریلیۆن و 812 ملیار دیناری لە دەرەوەی بانکەکانە و تەنیا 6 تریلیۆن و 748 ملیار دیناری لە نێو بانکە بازرگانییەکان دایە. واتە 94٪ی پارەی عێراق لە دەرەوەی بانکەکانە. ئەمەش دەریدەخات کە هێشتا متمانەی هاووڵاتییان بە سیستەمی بانکی بۆ سپاردنی پارەکانیان لە ئاستێکی نزمدایە.
لە زانستی ئابووریدا چاپکردنی پارە بە بڕێکی زۆر واتە زیادبوونی هەوڵاوسان، بەڵام جەمال کۆچەر، پێیوانییە ئەمە بۆ عێراق راست بێت، ئەمەش بۆ دوو هۆکار دەگەڕێنێتەوە: یەکەم لەبەر ئەوەی بڕی زۆری پارەی چاپکراو لە گیرفانی خەڵکدایە نەک لە بانکەکان، دووەمیش، بازاڕی عێراق ئیش بە دینار ناکات، هەموو چاوەکان لەسەر دۆلارە. لە تابلۆی گۆڕینەوەی دراوەکاندا دینار نابینیت بەرامبەر دراوەکانی دیکە، تەنیا دۆلار هەیە.
|