کڕینی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە 50% کەمیکردووە
3 کاتژمێر پێش ئێستا
166 جار خوێنراوەتەوە
بڕی ئەو دۆلارەی لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بانکی ناوەندیی عێراق بۆ بازرگانیی دەرەکی و گەشتیاران لە وەزارەتی دارایی کڕیوەتەوە، زیاتر لە 50% کەمیکردووە، فرۆشی دۆلاری نەختینەشی بۆ گەشتیاران 14% کەمیکردووە.
ئەم ئامارانە بەشێکن لە راپۆرتی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ دۆخی دارایی و فرۆشی دۆلار لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، بانکی ناوەندی دۆلاری داهاتی نەوت بە 130 هەزار دینار لە وەزارەتی دارایی دەکڕێتەوە بۆ ئەوەی دواتر بە رێکاری تایبەت بە بازرگانان و گەشتیارانی بیفرۆشێتەوە.
لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، بانکی ناوەندیی عێراق 16 ملیار و 853 ملیۆن دۆلاری لە وەزارەتی دارایی کڕیوەتەوە، کە زۆرترینی لە مانگی ئاداردا بووە و 5.3 ملیار دۆلار بووە، کەمترینیشی لە مانگی ئایاردا بووە، کە 738 ملیۆن دۆلار بووە.
لە شەش مانگی یەکەمی پاردا، بڕی دراوی بیانی کە بانکی ناوەندی لە وەزارەتی دارایی کڕیوەتەوە گەیشتووەتە 34 ملیار و 367 ملیۆن دۆلار.
کڕینەوەی دۆلار لە وەزارەتی دارایی لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بەراورد بە شەش مانگی پار 17 ملیار و 514 ملیۆن دۆلار کەمیکردووە، واتە بە رێژەی 50.96%.
بەگوێرەی ئامارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا فرۆشی نەختینەی دۆلار بۆ گەشتیاران یەک ملیار و 174 ملیۆن دۆلار بووە.
هەر گەشتیارێک بۆی هەیە بڕی دوو هەزار دۆلار بە نرخی فەرمی لە بانکی ناوەندی بکڕێت بۆ گەشتەکەی، کە بانکەکە بە 130 هەزار و 500 دینار دەیداتە بانکەکان و ئەوانیش بە نزیکەی 132 هەزار دەیدەنە گەشتیاران.
زۆرترین فرۆشی دۆلاری نەختینەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ لە مانگی حوزەیراندا بووە، کە 319 ملیۆن دۆلار بووە. لە مانگی ئاداردا فرۆشی دۆلار بۆ گەشتیاران سفر بووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لەو مانگەدا گەرمەی جەنگی ئێران بوو لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل و بەوهۆیەوە ئاسمانی عێراق داخرا.
لە شەش مانگی یەکەمی پاردا، بڕی دۆلاری نەختینەی بانکی ناوەندی کە بۆ گەشتکردن بە هاووڵاتییان فرۆشراوە یەک ملیار و 387 ملیۆن دۆلار بووە، کە بەرامبەر بە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ 204 ملیۆن دۆلار کەمیکردووە، بەوپێیە کەمکردنەکە بە رێژەی 14.5% بووە.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاندووە، "کەمبوونەوەی فرۆشی دۆلاری وەزارەتی دارایی بە بانکی ناوەندی ئاماژەیە بۆ کەمبوونەوەی داهاتی نەوت و کەمبوونەوەی فرۆشی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە."
|