مەسرور بارزانی و محەمەد حەلبووسی کۆبوونەوە
53 خولەک پێش ئێستا
91 جار خوێنراوەتەوە
مەسرور بارزانی و محەممەد حەلبووسی لە هەولێر کۆبوونەوە. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر هاوکاریکردنی حکومەتەکەی عەلی زەیدی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی حیزبی تەقەدووم بە یاوەریی بەشێک لە سەرکردەکانی حیزبەکەی گەیشتە هەولێر و لە فڕۆکەخانە لەلایەن هۆشیار زێباری، بەرپرسی ناوەندی سەرکردایەتیی پارتی لە بەغدا، ڕێبەر ئەحمەد، ئومێد خۆشناو، پارێزگار هەولێر و بەشێکی تر لە بەرپرسانی پارتییەوە پێشوازی لێکرا.
دوای کۆبوونەوەکە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕایگەیاند، لەگەڵ محەممەد حەلبووسی لەسەر هاوکاریکردنی حکومەتەکەی عەلی زەیدی هاوڕابووین.
هاوکات محەممەد حەلبووسی سەرۆکی حیزبی تەقەدووم ڕایگەیاند، هاوکاریی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان.
دەقی راگەیاندراوی مەسرور بارزانی:
ئەمڕۆ پێشوازیمان لە بەڕێز محەممەد ئەلحەلبووسی سەرۆکی حزبی تەقەدوم و شاندێکی یاوەری کرد و جەختمان لە پێویستیی پەرەپێدانی پەیوەندیی و هاریکاری و هاوئاهەنگیی هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە و ئاستەنگ و ئاڵنگارییە جۆراوجۆرەکان کردەوە.
هاوڕابووین لەسەر گرنگیی پاراستنی سیستەمی دیموکراسی و فیدراڵی عێراق و پشتیوانیکردنی حکومەتی فیدراڵ لە پێناو پاراستنی مافە دەستوورییەکانی گشت پێکهاتەکان و خزمەتکردنی سەرجەم هاووڵاتییانی عێراق بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و بێ جیاوازی.
|