"یەک دەرزی بە 500 دۆلارەو و هەفتانە دەبێت 4 دەرزی بەکار بێنن"

1     کاتژمێر پێش ئێستا  29 جار خوێنراوەتەوە

زیاتر لە 1000 تووشبووی نەخۆشی هیمۆفیلیا لە سێ پارێزگای هەرێمی کوردستان هەن، هەر نەخۆشێک پێویستە هەفتانە سێ بۆ چوار دەرزی بەکاربهێنێت بۆ ڕێگری لە خوێنبەربوون. نرخی هەر دەرزییەک  گەیشتووەتە 500 دۆلار، جگە لەوەی لە بازاڕەکانیشدا بە ئاسانی دەستناکەوێت

زانیار عادل، سەرۆکی کۆمەڵەی هیمۆفیلیا (خوێنبەربوونی بۆ ماوەیی) لە سلێمانی، لە ڕێگای ٧ڕۆژەوە هۆشدارییەکی بەپەلە لەبارەی دۆخی تەندروستی. تووشبووانی هیمۆفیلیا بڵاودەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەهۆی نەمانی دەرمان و چارەسەرەوە، ژیانی سەدان نەخۆش کەوتووەتە مەترسییەوە.

 وتیشی دەرزییەکانی ئەم نەخۆشییە پێشتر لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دابین دەکران و لە ڕێگەی نەخۆشخانەی هیواوە بەسەر نەخۆشەکاندا دابەش دەکرا، بەڵام ئێستا بە پاساوی "قەیرانی دارایی و پەسەند نەکردنی بودجە" ڕەوانەکردنی دەرمانەکان ڕاگیراوە

 زانیار عادل داوایەکی ئاڕاستەی نوێنەرانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد بە زووترین کات بێنە سەر هێڵ و فشار بخەنە سەر حکومەتی ناوەندی بۆ ناردنی دەرمانەکان. 

جەختیشی کردەوە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە لەسەر ژیانی سەدان هاووڵاتی کە توانای کڕینی ئەو چارەسەرە گرانبەهایەیان نییە و لە دۆخێکی سەختدان


   ئەمانەش بخوێنەرەوە