لە 51 ڕۆژدا 809 هێرشکراوەتە سەر هەرێمی کوردستان
2 کاتژمێر پێش ئێستا
202 جار خوێنراوەتەوە
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاماری ھێرشەکانی سەر ھەرێمی کوردستانی لە میانی 51 ڕۆژی ڕابردوو بڵاوکردەوە.
لە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل، ژمارەیەک ھێرش کرانە سەر ھەرێمی کوردستان و بووە ھۆی گیانلەدەستدانی 20 کەس و برینداربوونی 123 کەسی دیکە، ئەمە وێرای زیانگەیاندن بە ژمارەیەکی زۆر لە موڵک و ماڵی ھاووڵاتییان.
فەرمانگەکە بڵاویکردووەتەوە کە، “بەپێی داتاکان، ھەرێمی کوردستان لە ڕیزبەندی ئەو وڵاتانە دێت کە بەشداری جەنگەکە نین و زۆرترین زیانی گیانی و ماڵییان پێگەیشتووە کە لەمیانی جەنگەکەدا 20 شەھید و 123 بریندار ھەبووە”.
بەپێی زانیارییەکانی فەرمانگەکە، لە 28ی شوبات تا 20ی نیسان، 809 ھێرش کراوەتە سەر ھەرێمی کوردستان و لەو ژمارەیەش 701 ھێرشی دڕۆنی و 108 ھێرشی مووشەکی بووە.
پارێزگای ھەولێر بە پلەی یەکەم دێت کە 477 ھێرشی کراوەتەسەر کە بریتی بووە لە 419 دڕۆن و 58 مووشەک بە هۆیەوە 10 کەس گیانییان لەدەستداوە و 83 کەسیش برینداربوون.
ھەروەھا پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە بە پلەی دووەم دێت کە 235 ھێرشیان کراوەتە سەر و کە 194 یان بە دڕۆن و 41 یان مووشەک بووە و بەھۆیەوە سێ کەس گیانییان لەدەستداوە و شەش کەسیش برینداربوون.
ھاوکات پارێزگای دھۆکیش 29 ھێرشی دڕۆنی کراوەتەسەر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 68 ھێرشی کراوەتەسەر کە 59 لەوانە ھێرشی دڕۆنی و 9 ھێرشیش مووشەکی بووە کە بووەتە ھۆی گیانلەدەستدانی حەفت کەس و برینداربوونی 34 کەسی دیکە.
لە بەشێکی دیکەی ئامارەکەدا، ئاماژە بەوەکراوە کە بەھۆی ھێرشەکانەوە 726 ھاووڵاتیی لە پارێزگای ھەولێر، زیان بە ماڵ و موڵک و ئۆتۆمبێلەکانییان گەیشتووە، ھەروەھا لە پارێزگای سلێمانیش دەیان ھاووڵاتیی زەرەمەندبوون و لە پارێزگای دھۆکیش زیاتر لە 13 جار ھێرش کراوەتە سەر کۆمپانیای کەرتی تایبەت و زیان بە ھاووڵاتییان گەیشتووە. ھاوکات لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 35 ھاووڵاتی بەھۆی ھێرشەکانەوە زیان بە ماڵ و ئۆتۆمبێلەکانییان گەیشتووە.
|