هەڕەشەیەکی توندی ئەمریکا لە حکومەتی بەغدا و چوارچێوەی هەماهەنگی

1     کاتژمێر پێش ئێستا  186 جار خوێنراوەتەوە

جۆشوا هاریس، کاربەڕێکەری نوێی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا نامەیەکی فەرمی ئەمریکای ئاراستەی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان و حکومەتی سودانی کردووەو ڕەخنەی زۆر توندی ئاراستە کردوون.

دەقی پەیامە بڵاوکراوەکەی ئەمریکا بۆ بەغدا:

بە هیچ شێوەیەک سەرسام نین بە پێداگریی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر فەرامۆشکردنی بەرژەوەندییەکانی عێراق و عێراقییەکان و سەقامگیریی دەوڵەت؛ بێباکانە بەرامبەر شایستە دەستوورییەکان و پەیوەندییە ستراتیژییەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و پاڵپشتییەکانی واشنتن بۆ بەغدا.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دووبارە جەخت دەکاتەوە کە حکومەتی بەغدا لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی، هاوبەشی شکست و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی و دزینی پارەی دەوڵەتن، هەروەها هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی خەڵک و ئاشتیی کۆمەڵایەتی و بۆردومانکردنی دامەزراوە ئەمنییە فەرمییەکان و فڕۆکەخانەکان و هەرێمی کوردستان، و هەڕەشەکردن لە نێردە دیپلۆماتییەکان و بۆردومانکردنی باڵیۆزخانە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.

هەموو ئەمانەش لەلایەن لایەن و گروپ و میلیشیا ناسراوەکانەوە دەکرێن کە لەلایەن حکومەتەکەی سوودانی و هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە پاڵپشتی دەکرێن.

بوونی کەسێک بە ناوی (ئەبو ئالا وەلائی) و بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی دوای کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر لە خستنەناوی بۆ لیستی گرنگترین داواکراوەکانی واشنتن، هیچ نییە جگە لە بەڵگەیەکی تەحەدایەکی ڕاشکاو و ئاشکرا بۆ ئیدارەی ترەمپ و حکومەتی ئەمریکا.

لەبەر ئەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەنگاوی توندتر و یەکلاکەرەوەتر دەگرێتەبەر لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەر لایەنێکی سیاسیی عێراقی کە مامەڵە لەگەڵ گروپە چەکدارەکاندا دەکات، ئەوانەی خاوەنی میلیشیا و گروپن و لەژێر پەردەی دەوڵەتدا خۆیان حەشارداوە.

بۆمان دەرکەوتووە، کاتێک چاودێری دیمەنی عێراق و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە دەکەین، کە حکومەتی عێراق دەستەوەستانە لە ڕێگریکردن لە قاچاخچێکردنی دراوی سەخت (دۆلار) کە شایستەی عێراقییەکانە، و ناتوانێت ڕێگری بکات لە بردنی بۆ دەرەوە و دەستبەسەرداگرتنی لەلایەن چینە دەسەڵاتدارەکانەوە.

هەروەها دەستەوەستانە لە ئاست دۆسیەکانی تیرۆرکردن و پاکتاوکردن و سەرکوتکردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان و مەدەنییەکان و ئەوانەی لەگەڵ ئایدیۆلۆژیای میلیشیاکان و ئەو حکومەتەی چوارچێوە پێکیهێناوە ناکۆکن.

بۆیە:
بە توندی ڕەتیدەکەینەوە هەر دەرەنجامێک لەم گروپانەوە بێتە ئاراوە، و هەر ناوێک بۆ سەرۆک وەزیران کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕای لەسەری نەبێت، قبوڵکراو نابێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە