نرخی بەنزینی نۆرماڵ لە سلێمانی 25 دینار و غازی ماڵان 100 دینار دابەزی
2 کاتژمێر پێش ئێستا
26 جار خوێنراوەتەوە
دوای ئەوەی نرخی سووتەمەنی لە هەولێر دابەزی، هەموو جۆرەکانی سووتەمەنی لە شاری سلێمانییش دابەزین. وتەبێژی بەنزینخانەکانی شارەکە دەڵێت، "دۆخەکە بەرەو باشی دەچێت و خواستیش لەسەر سووتەمەنی کەمە."
بەهمەن شێخ قادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە ٧ڕۆژی راگەیاند، "نرخی بەنزین، نەوت، غازی ماڵان و گازوایل هەموویان ئەمڕۆ دادەبەزن."
بە وتەی بەهمەن شێخ قادر، ئەمڕۆ نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە 975 دینارەوە بووەتە 950 دینار، بەنزینی موحەسەن لە 1175 دینارەوە بووەتە 1150 دینار، نرخی بەنزینی سوپەریش 50 دیناری دابەزیوە و ئەمڕۆ لیتری بە 1300 دینار دەبێت.
تا دوێنێ نرخی لیترێک غازی ماڵان (LPG) بە 1100 دینار بوو. بەهمەن شێخ قادر دەڵێت، "100 دینار دابەزیوە و ئەمڕۆ لیتری بە هەزار دینارە. هەروەها لیترێک گازوایل لە 850 دینارەوە بووەتە 800 دینار."
لەبارەی هۆکاری دابەزینی نرخەکە، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی دەڵێت، "دۆخی ناوچەکە بەرەو باشی دەچێ و کێشە لەبەردەم بوونی سووتەمەنی نییە، هەروەرها خواستیش کەم بووەتەوە."
پێشتر نرخی سووتەمەنی لە هەولێر دابەزی بوو. بە جۆرێک لیتری بەنزین نزیکەی 100 دینار دابەزی و ئەمڕۆ یەکشەممە لیترێک بەنزینی کوالێتی بەرزی نۆرماڵ بە نزیکەی 900 دینارە.
هەروەها لە هەولێر لیترێک غازی ماڵان لە بەنزینخاکان ئەمڕۆ بە 920 دینارە.
بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، نرخی سووتەمەنی و لەنێویاندا بەنزین و غازی ماڵان لە هەرێمی کوردستان لە یەک مانگی رابردوودا بەرزببووەوە.
|